Loading...
کوردستان

خولی پلە یەکی کوردستان دواخرا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد و بڕیاری دواخستنی خولی پلە یەکی کوردستانیش درا.

سێ شەممە ( 21ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد کە تیایدا چەندین بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد، یەکێتیەکە بڕیاردا بە دواخستنی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ 2ـی دیسێمبەری داهاتوو، پێشتر بڕیار بوو لە 15ـی نۆڤێمبەر خولەکە دەست پێبکات.

تەواوی بڕیار و راسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1 _ ئازادکردنی ئەو یاریزانانەی کە وەرزی رابردوو ناویان لە لیستی یانەکانیان هەبوو لە کاتی یارییەکاندا بەڵام هیچ خولەکێک یاری نەکردووە، بە مەرجێک بۆ ئەم وەرزە 2025 _ 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی نوێ نەکردبێتەوە.

2 _ زیادکردنی لیستی ناوی یاریزانان ( کشوفات ) بۆ 35 یاریزان بۆ تەواوی وەرزەکە، هەر یانەیەک لە نێوان هەر دوو قۆناغ یاریزانی نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی، پێویستە ناوی یاریزانێک لاببات ( بسڕێتەوە ) ئینجا ناوی یاریزانە نوێیەکە زیاد بکات.

3 _ یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ ئەم وەرزە 2025 _ 2026 بە یەک قۆناغ دەکرێت.

4 _ لە خولی پلە یەکی کوردستان بۆ ئەم وەرزە 2025 _ 2026 یانەکان دەتوانن تەنها ( 4 ) یاریزانی پیشەگەر بگوازنەوە ریزەکانیان.

5 _ بۆ ئەوەی یانەکان زیاتر ئامادەکاری بکەن، بڕیاردرا بە دواخستنی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ 2 _ 12 _ 2025 .

6 _ ئازادکردنی ( 2 ) یاریزانی پیشەگەر لە خولی ژێر 19 ساڵانی کوردستان و خولی ژێر 17ـساڵانی کوردستان، بە مەرجێک ئەو یاریزانە کارتی نیشتەجێبوونی ئەو ناوچەیەی هەبێت کە یاری بۆ دەکات.

7 _ دواخستنی خولی ژێر 17 ساڵانی کوردستان بۆ 15 _ 11 _ 2025 بۆ زیاتر خۆئامادەکردنی یانەکان .

8 _ هەر یانەیەک پاشەکشە لە خولی ژێر 17ساڵانی کوردستان بکات بە بڕی 3000000 سێ ملیۆن دینار پێبژاردن دەکرێت.

9 _ هەر یانەیەک لە خولی ژێر 19ـساڵانی کوردستان پاشەکشە بکات بە بڕی 5000000 پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن دەکرێت.

10 _ لە یارییەکانی خولەکانی کوردستان بۆ ئەم وەرزە 2025 _ 2026 هەر یانەیەک دوای 15 خولەک لە کاتی یاسایی هێزی ئەمنی یاریگا و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دوابکەوێ لە یاریگا، ئەوا بڕی 3000000 سێ ملیۆن دینار پێبژارن دەکرێت یارییەکەش دوا دەخرێت بۆ رۆژی دواتر، ئەگەر لە رۆژی دواتریش هێزی ئەمنی یاریگا و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ئامادە نەبوو لە یاریگا، یانەی میوان 3 _ 0 بە براوە هەژمار دەکرێت.

11 _ بۆ ئەم وەرزەی خولەکانی کوردستان 2025 _ 2026 یانەکان دەتوانن بەڕێوەبەری تیپ لە لیستی یاری زیاد بکەن .
تێبینی: سەرۆکی یانە ناتوانێ ببێتە بەڕێوەبەری تیپ و سەرپەرشتیاری تیپ.

12 _ دوای گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، پێویستە سەرجەم راهێنەران و دەستەی راهێنەران و یاریزانەکان گرێبەستەکانیان بنێرن بۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە مەبەستی پەسەندکردنی ( تەسدیق )، هەر راهێنەرێک یاخود هەر کەسێک لە دەستەی راهێنەران یان هەر یاریزانێک گرێبەستەکەی نەنێرێت مافی بەشداریکردنی لە گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان نابێت، بە پێچەوانەوە گرێبەستەکە نەنێرێت و لە گەڕی دووەم یاری بکات ئەوا یانەکەی 3 _ 0 بە دۆڕا و هەژمار دەکرێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button