فلیک بەدوای چارەسەر دەگەڕێت؛ ئاماری فەرمی هۆکاری ناجێگیری ئاستی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکەن
پلانی فلیک بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی بارسێلۆنا ئاشکرا دەبێت

یاریگا –
بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک بە دۆخێکی جێگیر تێناپەڕێت، بەتایبەت لەڕووی دۆخی جەستەیی یاریزانانەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی بەراوردکاری ئامارەکانی ئەم وەرزە لەگەڵ وەرزی رابردوو، لەڕووی راکردنی نێو یارییەکاندا، بارسێلۆنا ئامارەکانی دابەزیون و ئێستا بەڕێژەی ناوەندی 117 کیلۆمەتر مەتر لە یارییەکەدا، لە پلەی پێنجەمی یانەکانی لالیگای ئەم وەرزەیە.
لە وەرزی رابردوودا، بارسێلۆنا لەڕووی کۆنتڕۆڵی تۆپ و فشاری بەردەوام، هەروەها خۆ بەدەستەوەنەدات تاوەکو دوا خوولەکان خۆی لە یانەکانی دیکە جیاکردبووەوە، بەڵام ئەم وەرزە ئامارەکان دابەزیون.
چی لە بارسێلۆنا روودەدات؟
لە هەشت گەڕی دەستپێکی ئەم وەرزە، راکردنی یاریزانانی بارسێلۆنا بۆ پلەی پێنجەمی لالیگا دابەزیوە. لەم وەرزەدا یاریزانانی بارسێلۆنا بەتێکڕا 113.4 کیلۆمەتر لە یارییەکدا رایانکردووە، بەراورد بە وەرزی رابردوو، چوار کیلۆمەتر دابەزیوە.
لەڕووی ژمارەوە، دابەزینی ئاستی بارسێلۆنا لەڕووی جەستەییەوە پیشاندەدات، هەروەها دەرخەری کەمبوونەوەی فشاری یاریزانانی بارسێلۆنایە لە یارییەکاندا.
😯Los datos oficiales que reflejan el bajón físico del Barça
✍️@DBR8 https://t.co/StAMDw7Ybs
— Diario SPORT (@sport) October 20, 2025
ئاتلێتیکۆ مەدرید بەڕاکردنی 120 کیلۆمەتر لە یارییەکدا، پلەی یەکەمی ئەم وەرزەی لالیگای گرتووە.
یاریزانانی یانەکانی ئیسپانیۆل، ئێڵچێ و سێلتا ڤیگۆ لە هەر یارییەکەدا بەتێکڕا 117 کیلۆمەتر رادەکەن، کەچی ریال مەدرید بۆ دووەم وەرز لەسەریەک، لە دوا پلەی ریزبەندییەکە دێت و یاریزانانی چابی ئاڵۆنسۆ، لە هەر یارییەکەدا 110.6 کیلۆمەتر رادەکەن، ئەمەش بەهۆی شێوازی ستوونی یارییکردنی یانەکەیە.
دۆڕانەکەی بارسا هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی
دۆڕانە گەورەکەی بارسێلۆنا 4-1 بەرامبەر سێڤییا، زەنگی مەترسی لە نێو یانە کاتالوونییەکە لێدا، فلیک دەستبەجێ داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ستافی هونەری و راهێنەرانی جەستەیی کرد.
کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی داتای یاریزانان لە دەستپێکی وەرز. دەرەنجامی کۆبوونەوەکە رێی بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی یانەکە داڕێشت.
فلیک تەواو دەزانێت، فەلسەفەکەی بەبێ بوونی بناخەیەکی تۆکمەی جەستەیی سەرناگرێت، بۆیە ئێستا بەچڕی کار لەسەر بەهێزکردنی لایەنی جەستەیی یاریزانان دەکات و مەشقی تایبەتکراوی زیادکردووە.