راهێنەرێکی پێشووی پرێمەرلیگ بووە راهێنەری سوید
لە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە

یاریگا –
گراهام پۆتەر، راهێنەری پێشووی وێستهام یونایتد بووە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سوید.
راهێنەری 50 ساڵان بە ئۆفەری سوید بۆ ماوەیەکی کاتی رازیبووە، ئەمەش دوای شکستی هەڵبژاردەکە و دوورکەوتنەوەی لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
دووشەممەی رابردوو، سوید لە دوای دۆڕانی بەرامبەر کۆسۆڤۆ، بڕیاری دوورخستنەوەی جۆن دال تۆماسن، لە پۆستی راهێنەری سوید دا.
Graham Potter är herrlandslagets nya förbundskapten 🇸🇪
🗞️ https://t.co/Xevu92RlZG pic.twitter.com/0zHiSg2o1X
— Svensk Fotboll (@svenskfotboll) October 20, 2025
تۆماسن دوای 18 مانگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دوواییە، سەرەڕای بوونی چەندین ئەستێرەی گەورە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی سکاندێناڤیا.
سوید لە چوار یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیال تەنیا یەک خاڵی بەدەستهێناوە، ئەمەش هیواکانی بۆ گەیشتن بە مۆندیال زۆر لاوازکردووە.
پۆتەر لە دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر سویسرا و سلۆڤێنیا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتنی بۆ یارییەکانی پلەی ئۆف، گرێبەستەکەی درێژدەکرێتەوە.
پۆتەر بەهۆی ئەنجامە خراپەکان، لە 27ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو لە پۆستی راهێنەری وێستهام دوورخرایەوە.