
یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی ئاشکرای دەکات، یانەکەی لە تواناکانی ئەستێرەیەکی بێبەش دەبێت.
گواردیۆلا روونیکردووەتەوە، دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە، رۆدری ناتوانێت بەشداری لە هەردوو یاریی داهاتوو بەرامبەر ڤیاڕیال و ئاستۆن ڤیلا بکات.
یاریزانی 29 ساڵان کە بەدرێژایی وەرزی رابردوو بەهۆی پێکان لە یارییەکان دابڕا، لە یاریی مان سیتی بەرامبەر برێنتفۆرد (5ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم) لە گێمی یەکەم یارییەکەی جێهێشت، دواتریش لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورخرایەوە.
رۆدری بەشداری لە یاریی رابردووی مان سیتی بەرامبەر ئێڤەرتن نەکرد و گواردیۆلا لەبارەی ماوەی دوورکەوتنەوەی رۆدری دەڵێت؛
پێموانییە بەشداری لە یارییەکانی ڤیاڕیال و ئاستۆن ڤیلا بکات. پێکانەکەی پەیوەندی بە ماسوولکەوە هەیە و دەبێ ئاگاداربین.
بەردەوام هەوڵمانداوە مەترسی لەسەر دۆخی جەستەیی رۆدری دروست نەکەین، بەڵام با بزانین چی روودەدات.
سبەی سێشەممە لە یاریگای مادرێگال، مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ڤیاڕیال دەبێتەوە. پێشتر رۆدری یاریی بۆ ژێردەریا زەردەکان کردووە.
مانچێستەر سیتی بە 16 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگدا دێت، بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ ئارسیناڵی پێشەنگ.