
یاریگا –
محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول لە ژێر فشارێکی زۆردایە و ئیتر ئەفسانەکانی لیڤەرپوولیش رەخنەی تووندی لێدەگرن.
هێرشبەری 33 ساڵەی میسڕی لە ئەپریل/نیسانی رابردوودا، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ لیڤەرپوول نوێکردەوە، بەڵام لەم وەرزەدا، ئاستێکی خراپ بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو پێشکەش دەکات. مۆ سەڵاح حەفت یارییە هیچ گۆڵێکی (بەبێ لێدانی سزا) نەکردووە.
لە یاریی کلاسیکۆی ئینگلتەرا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، سەڵاح دەرفەتێکی زێڕینی بۆ یەکلاییکردنەوەی یارییەکە بۆ رەخسا، بەڵام گۆڵی نەکرد و مان یونایتد 1-2 یارییەکەی بردەوە.
جەیمی کاراگێر، ئەفسانەی لیڤەرپوول لەدوای یارییەکە بەشداری لە ستۆدیۆی شیکاری سکای سپۆرتسی کرد و دووپاتیکردەوە، ئیتر نابێ سەڵاح لە هەموو یارییەک سەرەکی بێت؛
لیڤەرپوول دوو یاریی داهاتوو لە دەرەوەی ئانفیڵد دەکات، لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر فڕانکفورت و لە پرێمەرلیگ بەرامبەر برێنتفۆرد. پێموایە دەبێ سەڵاح لە هەردوو یارییەکە یەدەک بێت.
ئەو یارییانەی لە ئانفیڵد دەکرێن، سەڵاح دەبێ بەردەوام سەرەکی بێت، چونکە لیڤەرپوول یارییەکی باش دەکات و سەڵاح دەتوانێت لە دەوروبەری ناوچەی سزا بجووڵێتەوە.
بەڵام پێموانییە لە یارییەکانی دەرەوەی ئانفیڵد ئاستێکی باش پێشکەش بکات. پێموایە نابێ سەڵاح لەم دۆخەی ئێستا لە هەموو یارییەک سەرەکی بێت، بەتایبەت یارییەکانی دەرەوەی ئانفیڵد.
لیڤەرپوول چوارەم یارییە لەم وەرزەدا بەدوای یەک دەدۆڕێنێت، ئەمەش سەرەڕای خەرجکردنی نزیکەی 446 ملیۆن پاوەند و گواستنەوەی ئەستێرەی وەکو ئالێکساندەر ئیزاک و فلۆریان ڤیرتز.
پێویستە ئیزاک و ڤیرتز سەرەکی بن، دەبێ سڵۆت سەیری پڕۆفایڵی یاریزانەکان بکات، هەردوو یاریزانەکە گەنجن و پارەیەکی زۆریان بۆ خەرجکردووە.
لیڤەرپوول بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی چوارەمدا دێت، بە جیاوازی چوار خاڵ لەگەڵ ئارسیناڵی پێشەنگ.