لاپۆرتا: یوێفا هەوڵی دوورخستنەوەمان لە چامپیۆنزلیگ دەدات
شێوازی پشتیوانی دارایی بارسای لە دۆخێکی خراپ رزگارکرد

یاریگا –
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا جەختدەکاتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ هەوڵی دوورخستنەوەی بارسای لە چامپیۆنزلیگدا.
لاپۆرتا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی بارسێلۆنا، پەردەی لەسەر چەندین نهێنی هەڵداوە و روونیکردەوە، بەبیانووی پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێن، یوێفا ویستی بارسا لە چامپیۆنزلیگ دووربخاتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ لێدوانەکانی لاپۆرتای لە کۆبوونەوەکە بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە؛
یەکێک لەو بیانووانەی بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی داراییمان بەکارهێنا، کەمکردنەوەی پێشێلکاری یاسای یاریی خاوێن لە 60 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ بوو.
بیانووەکەیان ئەوەبوو، بارسێلۆنا کۆمپانیاییەکی پشکدار نییە و ناتوانێت سەرمایە (دەستمایە)ی زیادبکات.
لاپۆرتا جارێکی دیکە باسی لە بەکارهێنانی رێگەی ”پشتیوانی دارایی – Finance Leverage” بۆ باشترکردنی پێگەی دارایی یانەکە کرد، چونکە رێگەکە فرۆشتنی سامانی یانەکەی تێدانییە.
ئێمە سامانی یانەکە نافرۆشین، بەڵکو بۆ ماوەیەکی کاتی دەیقۆسینەوە، ئامانجی ئێمە لە بەکارهێنانی رێگەی پشتیوانی دارایی، تەنیا بۆ رێگرتنبوو لە خەرجکردنی پارەی کەسی ئەندامان. چونکە ئەم رێگەیەی ئێستا تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتییە.
لە ئەمریکا یاریی دەکەن؟
لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی یانەکە، لاپۆرتا باسی گواستنەوەی یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال بۆ مەیامی کرد، ئەمەش دوای وەرگرتنی رەزامەندی لالیگا.
بۆ ناردنی یانەکەمان بۆ گەشتێکی دوور خرۆشاو نین، بەڵام وەکو خوان گاسپارت باسی کرد، پێویستیمان بە داهاتی زیاترە، ئەگەرنا دێکۆ و هانزی فلیک زۆر لەسەر پاراستنی دۆخی جەستەیی یاریزانان سوورن.
چوون بۆ سعوودیە تەنیا بۆ زیادکردن و بەدەستهێنانی پارە بووە، ئەوەی لە مەیامیش روودەدات، هەر بۆ هەمان مەبەستە. لالیگا و سەرجەم یانەکانی دیکە لە زیادکردنی داهات سوودمەند دەبن. بەڵام بارسێلۆنا و ڤیاڕیال لە هەمووان زیاتر قازانج دەکەن.
باشترکردنی وێنەی بارسێلۆنا لە بازاڕەکان، رێگەی گەیشتنمان بە سپۆنسەری دیکە واڵا دەکات. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ باشترکردنی وێنەی بارسێلۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بازاڕی ئەمریکا ئێستا بازاڕێکی گرنگە.
🚨 Laporta: “La UEFA quería castigarnos sin jugar la Champions”
✍️ @JoanPoquiEraso https://t.co/unVu1wNBaS
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) October 19, 2025