
یاریگا –
چارەنووسی تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی ریال مەدرید بۆ یارییەکی بەرامبەر بارسێلۆنا یەکلاییدەکرێتەوە.
شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی نۆیەمی لالیگا، ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە خێتافی بردەوە و پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا کرد.
لە کۆتا خولەکی یارییەکە تیبۆ کۆرتوا ریال مەدریدی لە گۆڵی یەکسانبوون رزگارکرد، بەڵام لەکاتی گەڕاندنەوەی تۆپەکە ئازار بە ئەژنۆی گەیشت و چەند خولەکێک یارییەکە وەستا.
دوای یارییەکە چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاند، کۆرتوا باشە و مەترسی لەسەر نییە، هاوکات رادیۆی کادینا سێر ئاشکرایکردووە، گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بۆ کلاسیکۆ ئامادە دەبێت و مەترسی دوورکەوتنەوەی لەسەر نییە.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ماسوولکەی دەیڤد ئالابا تووشی پێکان بووە، ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاشکرا دەکرێت.
کۆرتوا دوای یارییەکە لە ئینستاگرام؛
هەرگیز ئاسان نییە لەناو یاریگای خێتافی سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، بەڵام تیپەکەمان دەیزانی چۆن چاوەڕوانی ساتی گونجاو بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە و پاراستنی تۆڕی گۆڵەکەشمان بەخاوێنی.
ریال مەدرید لە 22ـی ئەم مانگە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ میوانداری یوڤێنتوس دەکات، هەر لە 26ـی هەمان مانگ لە کلاسیکۆی زەوی میوانداری بارسێلۆنا دەکات.