
یاریگا –
شوڕتە لە بەردەم هاندەرانی خۆی میوانداری ئیتیحاد دەکات دەکات و مەحمود مەواسیش دەڵێت بە شێوەیەکی هێرشبەری یاریی دەکەین.
لە گەڕی سێیەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، دووشەممە ( 20ـی ئۆکنۆبەری 2025 ) شوڕتە لە یاریگای مەدینە لە بەغدا کاتژمێر 7ـی شەو میوانداری ئیتیحادی سعودی دەکات، تەواوی یاریزانانی شوڕتە بۆ یارییەکە ئامادەن جگە لە لۆکاس مۆسیسی بەرگریکاری بەرازیلی نەبێت کە بە هۆی پێکانەوە بەشداری ناکات.
موئمین سلێمان، راهێنەری شوڕتە دەربارەی ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ ئەم یارییە گووتی:
ئامادەین بۆ ئەم یارییە، مەبەستمانە ئەنجامێک بە دەست بهێنین جێگای رەزامەندی هاندەرانمان بێت، لە کاتی وەستانی خول سودێکی زۆرمان بینی و هەڵەکانمان چارەسەرکردووە، پێویستە یاریزانان بەبێ هیچ پاڵەپەستۆیەک بچنە نێو کەشی یارییەکە، باوڕم بە یاریزانەکان هەیە کە ئاستێکی باش پێشکەش بکەین.
مەحمود مەواس، یاریزانی پیشەگەری سووری یانەی شوڕتە باسی لە ئامانجی یاریزانەکان لەم یارییە کرد و گووتی:
ئامانجی ئێمە سێ خاڵی یارییەکەیە، بۆیە بە شێوەیەکی هێرشبەری یاریی دەکەین، پێویستە باوەڕمان بەخۆمان هەبێت و ئاست و ئەنجاممان لە ئاست ناوی یانەکە بێت، ئامادەین بۆ ئەم سەرکێشیە و چاوەڕوانی پاڵپشتی هاندەرانین.
شوڕتە لە دوو یاریدا خاوەن یەک خاڵە و لە ریزبەندی 10ـیەم دێت، یاریی داهاتووش بەرامبەر تراکتۆرساز یاریی دەکات لە ئێران، ئیتیحادی سعودی هەردوو یاریی دۆڕاندووە و بەبێ خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێت، گەڕی داهاتووش میوانداری شاریقەی ئیماڕاتی دەکات.