
دەیڤد بێکهام راسپێردراوە تاوەکو سەرکردایەتی مامەڵەی کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد بکات لە بنەماڵەی گلەیزەر.
بەگوێرەی هەواڵەکانی ئەمڕۆی ئینگلتەرا لە سەروویانەوە میرەر و سەن، وەفدێکی ئیماڕاتی لەگەڵ بێکهام کۆبوونەتەوە و داوایان لێکردووە ببێتە باڵوێزیان بۆ ئەوەی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکان بکات.
لە مانگی دووی 2024دا، بنەماڵەی گلەیزەر بڕی 27.7٪ی فرۆشت بە سێر جەیمس راتکلیفی خاوەنی گروپی ئینیەس. ئەو رێژەیەش لە ئێستادا هەڵکشاوە بۆ 29٪و تەواوی بڕیارە وەرزشییەکان دراوەتە دەست سێر جەیمس. پێناچێت ئیماڕاتییەکان مەبەستییان کڕینەوەی بەشەکەی ئەو بێت و تەنها چاویان لەوەیە بنەماڵەی گلەیزەر لە هاوکێشەکە بکەنەدەرەوە.
بەگووتەی سەرچاوەکان، ئیماڕاتییەکان بە بێکهام یان راگەیاندووە گەر لەم کارە سەرکەوتوبێت ئاوا لە ئیماڕات دەرگای وەبەرهێنانی بەروودا دەکەنەوە. بێکهام لە ئێستادا خاوەنی هاوخاوەنی یانەکانی ئینتەر مەیامی ئەمریکی و ساڵفۆردی ئینگلیزییە.