
یاریگا –
ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول لە بەرگریکردن لە فلۆریان ڤیرتز بەردەوام و پێی وایە، یاریزانە ئەڵمانییەکە بێبەختە.
لیڤەرپوول لە هاوینی رابردوودا بەبڕی 134 ملیۆن دۆلار، ڤیرتزی گواستەوە ریزەکانی و بە یەکێک لە گرانترین گواستنەوەکانی مێژووی پرێمەرلیگ و تۆپی پێ دادەندرێت.
هەرچەندە ڤیرتز بەشێک لە تواناکانی پیشانداوە، بەڵام لەگەڵ لیڤەرپوول نەیتوانی هیچ گۆڵ و ئەسیستێکی هەبێت، هەرچەندە لە لیڤەرکوزن، لە کۆی 197 یاریدا، 57 گۆڵ و 65 پاسی یەکلاییکەرەوەی هەبوو.
سڵۆت لەبارەی ڤیرتز دەڵێت؛
کاتێک بەم بڕە پارە زۆرە گرێبەستت لەگەڵدا دەکرێت، خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز سەیرت دەکات و زیاتر چاوییان لە ئەسیست و گۆڵە.
دەتوانم بەڕوونی پێتان بڵێم، ڤیرتز نزیکبوو لەوەی 6 بۆ 7 پاسی یەکلاییکەرەوەی هەبێت.
لە تەواوکردنی هێرشەکان بێبەخت بوو، هەرچەندە دەرفەتی زۆری بۆ هاوتیمەکانی دروستکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، سەبارەت بە یاریزانێکی 22 ساڵان، ئاساییە پێویستی بە کات بێت، تاوەکو خۆی لە کەشی وڵاتێکی دیکە رادەهێنێت، جا بەتایبەت ئەگەر لە پرێمەرلیگ یاریی بکەیت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سڵۆت بەراوردکاری لە نێوان سەرەتاکانی کێڤن دی بڕۆین لە چێڵسی و ڤیرتز کرد؛
لەوانەیە جۆرێک لە کەمکردنەوەی تواناکانی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی مێژووی پرێمەرلیگ بێت، بەڵام دی بڕۆین 22 ساڵبوو کاتێک چووە چێڵسی.
کەمێک دەرفەت بە ڤیرتز بدەن، بەدڵنیاییەوە من کاتی پێدەدەم.
دەستپێکی دی بڕۆین لە چێڵسی لە ئاستی چاوەڕوانییەکان نەبوو، بەڵام دوای پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر سیتی بەبڕی 54 ملیۆن پاوەند، خۆی وەکو یەکێک لە باشترینەکانی مێژووی پرێمەرلیگ پیشاندا.