ریال مهدرید بۆ فرۆشتن؛ پێرێز چۆن دهتوانێت پشكهكانی ریال مهدرید بفرۆشێت؟
ئایا چارەنووسی ریاڵ مەدرید وەک بارسێلۆنای لێدێت؟

یاریگا –
هەواڵی بیرۆكهی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە فرۆشتنی پشکەکانی ریال مەدرید، زەنگی شۆکێکی گەورەی لە جیهانی تۆپی پێ لێدا.
بیرۆکەی فرۆشتنی بەشێک له پشكهكانی یانهی ریال مهدرید لهلایهن سهرۆكی یانهكه، بووەتە بابهتێكی گهرم کە پێشتر بە توندی رەتدەکرایەوە، بەو پێیەی یانەکە موڵکی ئەندامەکانیەتی، ئەمڕۆ بووەتە بژاردەیەکی ستراتیژیی گرنگ لەسەر مێزی گفتوگۆ.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، چۆن یانەیەک کە بە فەرمی موڵکی ئەندامەکانیەتی، دەتوانێت پشکەکانی بفرۆشێت؟ ئایا ئەمە پێشێلکردنی نەریتە 120 ساڵییەکەی یانەکە نییە؟ وەڵامەکە لەناو وردەکارییە یاسایی و ئابوورییەکاندا شاردراوەتەوە وردهكارییهكانی بهم شێوهیه دهبێت.
سروشتی خاوەندارێتی ریال مەدرید
ریال مەدرید، میدیا گەورەکانی وەکو فۆربس و ئاتلێتیک، چەندین وردەکاری لەبارەی گۆڕانکاری لە یاسایەکی تایبەتی وەرزشی ئیسپانیادا ئاشکرا کردووە.
ئەم یاسایە رێگەی پێداوە وەک “یانەیەکی قازانج نەویست” بمێنێتەوە کە لەلایەن ئەندامەکانیانەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ئەمەش مانای وایە، هیچ كهس بەتەنیا خاوەنی یانهكه نییە. نە شێخ، نە ملیاردێر و نە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بهڵكو ئەندامەکان خاوەنی راستەقینەن.
نزیکەی 100 هەزار ئەندام بە خاوەنی یەکسانی ریال مەدرید دادەندرێن. ئەوان ساڵانە بڕێک پارە دەدەن و مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەکە بەگوێرەی یاسا هەیە، یانەکە ناتوانێت وەکو کۆمپانیایەکی ئاسایی پشک بفرۆشێت.
پلانی زیرەکانەی پێرێز
پێرێز چۆن دەتوانێت ئەم دیوارە یاساییە ببڕێت؟ پێگەی سپۆرت پڕۆ کە پسپۆڕی لە بازرگانی وەرزشی هەیە، روونیکردووەتەوە؛ یانەکە نافرۆشرێت، بەڵکو فرۆشتنی پشکە لە چالاکییە بازرگانییەکانی یانەکە. ئەمەش لەڕێگەی میکانیزمێکی زیرەکانەوە دەکرێت.
- دروستکردنی کۆمپانیا: پلانی سەرەکی ئەوەیە؛ ریال مەدرید کۆمپانیایەکی نوێی بازرگانی دابمەزرێنێت. ئەم کۆمپانیا نوێیە لە بەڕێوەبردنی هەموو لایەنە بازرگانییەکانی وەکو مافی پەخش، داهاتی یاریگا و سپۆنسەرەکان بەرپرس دەبێت.
- فرۆشتنی پشکی کۆمپانیا نوێیەکە: لەم سیناریۆیەدا، خودی یانەکە 100% لەلایەن ئەندامەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت. بەڵام پێرێز دەتوانێت پشکی کۆمپانیا بازرگانییە نوێیەکە بە وەبەرهێنەرانی دەرەکی بفرۆشێت.
بۆچی ئەمە یاساییە؟ چونکە پێرێز پشکی یانەی ریال مەدرید نافرۆشێت. ئەمە رێک ئەو کارەیە کە ئاتلێتیك و رۆیتەرز لە ساڵی 2022 بە وردی شیکارییان بۆ کرد، کاتێک ریال مەدرید گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنانی “Sixth Street” واژۆ كرد.
بەپێی گرێبەستەکە، مافی بەڕێوەبردنی بەشێک لە چالاکییە بازرگانییەکانی یاریگای بێرنابیۆی بۆ ماوەی 20 ساڵ بەبڕی 360 ملیۆن یۆرۆ پێفرۆشتن. ئەمە سەلماندی کە مۆدێلەکە لە رووی یاساییەوە کارا و جێبەجێکراوە.
مانهوهی (50%+1)؛ مانهوهی زۆرینهی پشكهكان
یەکێک لەو مۆدێلانەی کە زۆرترین باسی لێوە دەکرێت، مۆدێلی بەناوبانگی ئەڵمانی 50%+1 وەک ماڵپەڕی سپۆرتینگ نیوز روونی دەکاتەوە؛
- ئەندامەکان خاوەنی زۆرینەنهی یانهكهن: یاساکە دڵنیایی دەدات، خودی یانەکە کە لەلایەن ئەندامەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، خاوەنی لانیکەم 50%+1 دەنگی بڕیاردان بێت.
- وەبەرهێنەران کەمینەن: وەبەرهێنەرانی دەرەکی دەتوانن تاوهكو 49.9%ی پشکەکان بکڕن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەنی زۆرینەی بڕیار.
ئەم مۆدێلە ئەو هاوسەنگییە کە پێرێز بەدوایدا دەگەڕێت، وەرگرتنی پارەی زۆر بەڵام هێشتنەوەی کۆنترۆڵ لە دەستی هاندەراندا.
بۆچی پێرێز ئەمە دەکات؟
پێرێز لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنداماندا بە ڕوونی باسی لە هۆکارەکان کردووە. ئەو دەبێت ئەندامەکان رازی بکات، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لەم شێوەیە پێویستی بە دەنگی زۆرینەیان هەیە، خاڵە سەرەکییەکانی قسەکانی پێرێز بۆ رازیکردنیان ئەمانەن؛
- ئەمە بۆ پاراستنی یانەکەیە: رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، پێرێز جەختیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە بۆ “پاراستنی یانەکەیە لە هەڕەشەکان و دڵنیابوونە لەوەی یانەکە هەمیشە موڵکی ئەندامەکان دەمێنێتەوە”.
- شەڕی یانە دەوڵەمەندەکان: پێرێز بە ئەندامەکانی گوتووە، بۆ رکابەریکردنی یانەکانی وەک مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان، پێویستیان بە هێزێکی دارایی نوێیە.
- شکستی سوپەرلیگ: شکستهێنانی پڕۆژەی سوپەرلیگ کە پلانی یهكهمی پێرێز بوو، وایکردووە بەدوای پلانی دووهم بگهرێت.
- ئێوە دەبنە خاوەنی راستەقینەى یانهكه: بەپێی شیکارییەکانی دامەزراوەی DBRS Morningstar، بەهای یانەی ریال مەدرید بە زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێت. پێرێز ئەمە وەک خاڵێکی بەهێز بەکاردەهێنێت و بە ئەندامەکانی دەڵێت؛ لە خاوەنی مهعنهوییهوه دەبنە خاوەنی پشکی راستەقینە.
پێرێز یارییەکی یاسایی و ئابووریی زۆر زیرەکانە دەکات، هەوڵدەدات بەم کارە، پارەی پێویست بۆ رکابەریکردن لە سەردەمی نوێی تۆپی پێدا مسۆگەر بکات، لە هەمان کاتدا بە ئەندامەکانیش دەڵێت؛ ئێوە هێشتا خاوەن ماڵن، بڕیار بهدهستی یانهكهن.