
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی راپۆرتێكی ئەمڕۆی كادێنا سێر بە درۆ دەخاتەوە.
ئەمڕۆ كادێنا سێر لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، لامین یامال لە خۆ ئامادەكاریەكانیان پێش یارییەكەی پاریس سانجێرمان دواكەوتووە. هانزی فلیک لە یامال توڕە بووە و پێی گووتوە بە سەرەكی بەشداری ناكەیت، تاوەكو دێكۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكە دەستێوەردانی كردووە و كێشەكەی نێوانیانی چارەسەر كردووە.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەیان بەرامبەر جیڕۆنا هانزی فلیک بە تەواوی ئەو بابەتەی بە درۆ خستەوە و گوتی;
ببورن بۆ وشەكەم، بەڵام ئەوە تەواو بێمانایە، هەرگیز شتی وا رووینەداوە، لێرە لەم یانەیە لەگەڵ دێكۆ و ئیدارەی یانەكە هەمووان بە تەواوی متمانەیان بە كارەكانم هەیە و هەموو شتێک بەرز دەنرخێنن، هەرگیز دەستێوەردانیان لە كارەكانم نەكردووە و داوای هیچ شتێكی لەو جۆرەیان نەكردووە.
ئەوە شتێكی بێمانایە و هیچ شتێک نییە بیشارمەوە، چونكە شتێكی راست نییە و هەركەسێک شتێكی لەو شێوەیە بڵێت درۆ دەكات.
وا بڕیارە سبەی كاتژمێر 17:15 بە كاتی كوردستان بارسێلۆنا لە یاریگای خۆیدا میوانداری جیڕۆنا بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی نۆیەمی لالیگای ئیسپانیا.
بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی دووەم دێت و بە جیاوازی دوو خاڵ لە دوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە.