فێدڕاسیۆنی ئیتاڵیا یارییەکانی گەڕی 30 سێریا ئەی دوادەخات

یاریگا –
بەهۆی یارییەکانی پاشکۆی مۆندیال، خولی ئیتاڵیا دوادەخرێت.
ئیتاڵیا لە سەردەمی جێنارۆ گاتۆسۆی راهێنەری نوێی ئیتاڵیادا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە، دوای ئەوەی لە پشووی نێودەوڵەتیی مانگی ئۆکتۆبەردا بە ئەنجامی 3-1 و 3-0 لە ئیستۆنیا و ئیسرائیلی بردەوە، بەڵام لە ریزبەندی لە دوای نەرویج لە پلەی دووەمی پاڵاوتنەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا دێت.
تەنیا ئەو هەڵبژاردانەی پێشەنگی کۆمەڵەکانیان گرتووە، راستەوخۆ دەگەنە جامی جیهانی 2026. ئەوانەی لە پلەی دووەمن دەبێت یاریی پاشکۆ بکەن. لەبەر ئەم هۆکارە، یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا هەوڵدەدات یارمەتی گاتوسۆ و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە باشترین شێوە بدات تاوەکوو بتوانن بگەنە مۆندیالی 2026.
بەگوێڕەی هەواڵێکی دیلۆ سپۆرت، گابرێل گراڤینا، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەیەوێت یارییەکانی گەڕی 30ی خولی ئیتاڵیا، کە بڕیارە لە 21ی ئازار و 22ی ئازار بەڕێوەبچێت، دوابخات بۆ ئەوەی یارمەتی جینارۆ گاتۆسۆ و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بدات کاتی زیاترییان بۆ ئامادەکاری یارییەکانی پاشکۆی مۆندیالی 2026 هەبێت.
گراڤینا چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵیدابوو هەمان کار بکات، کاتێک ئیتاڵیا ئەرکی سەرکەوتنی بۆ مۆندیال لە رێگەی یاریی پاشکۆوە بوو بەڵام دواجار سەرکەوتوو نەبوون و ئیتاڵیای لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر بێبەش کرد.