رونار سەرکەوتووترە لە ئارنۆڵد؛ کێ دوا قسەی یاریی یەکلاییکەرەوە دەکات
ئەمشەو کاتژمێر 21:45 بە کاتی هەولێر یارییە گەورەکەی نێوان سعوودیە و عێراق دەکرێت

یاریگا –
هێرڤی رونار، راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە بۆ سێیەم جارە رووبەڕووی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەبێتەوە.
ئەمشەو کاتژمێر 21:45 بەکاتی هەولێر، دوا یاریی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنی کۆمەڵەی دووەمی پاشکۆی مۆندیالی 2026 لە نێوان سعوودیە و عێراق لە جەدە دەکرێت.
سعوودیە بەکۆکردنەوەی سێ خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیە و عێراق لە پلەی دووەمدا دێت، سعوودیە بە یەکسانبوون راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی 2026 و دەبێتە حەفتەم بەشداری سعوودییەکان.
رونار یان ئارنۆڵد باڵادەستە؟
ئارنۆڵد لە مایس/ئایاری رابردوو بووە راهێنەری عێراق و تاوەکو ئێستا لە پێنج یارییدا سەرپەرشتی شێرەکانی رافیدەینی کردووە. ئارنۆڵد چوار بردنەوە و یەک دۆڕانی بەرامبەر کۆریای باشوور تۆمارکردووە.
رونار و ئارنۆڵد بەباشی یەکتر دەناسن، پێشتر لە پالاوتنی مۆندیالی 2022 رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە، رونار هەر راهێنەری سعوودیە بوو، ئارنۆڵدیش سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئوسترالیای دەکرد.
یەکەم یاریی نێوانیان لە جەدە کرا، رونار سەرکەوت و یاریی دووەمیش لە ئوسترالیا کرا، بە یەکسانبوون تەواوبوو.
لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2022، هەڵبژاردەی سعوودیە بەکۆکردنەوەی 23 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی بوو، راستەوخۆ گەیشتە مۆندیالی 2022ی قەتەڕ، کەچی ئوسترالیا بە پاشکۆ لە هەڵبژاردەی ئیماڕاتی بردەوە، دواتریش لە پاشکۆی نێودەوڵەتی لە پێروی بردەوە و گەیشتە مۆندیال.
رونار بەردەوام پشت بە پێکهاتەی هێرشبەری وەکو 4-3-3 یان 4-2-3-1 دەبەستێت و زۆرترین ماوە تۆپ لە هێڵی ناوەڕاست دەهێڵێتەوە.
پێشتر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی مەغریبی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا کردووە، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار لە ساڵی 2015 بووە پاڵەوانی جامی ئەفریقا و لەگەڵ هەڵبژاردەی زامبیاش لە ساڵی 2012 هەمان دەستکەوتی بەدەستهێنابوو.
ئارنۆڵد زیاتر بەشێوازێکی نیمچە بەرگری یاریی دەکات، زیاتر پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستێت. زۆربەی کات بە شێوازی یارییکردنی 4-4-2 یاریی دەکات.