باستۆنی بەر لە یارییەکەی ئیسرائیل کەمپی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای جێهێشت
گومان لەسەر بەشداریکردنی کین هەیە

یاریگا –
ئالێساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری ئینتەر میلان کەمپی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای بەر لە یاریی یەکلاییکەرەوە بەرامبەر ئیسرائیل جێهێشت.
سبەی سێشەممە لە گەڕی شەشەمی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، ئیتاڵیا رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە.
بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکان، باستۆنی ناتوانێت بەشداری لە یارییەکە بکات، بۆیە کەمپی هەڵبژاردەی جێهێشت و گەڕایەوە میلان، باستۆنی لە یاریی رابردووی ئیتاڵیا بەرامبەر ئێستۆنیا کارتێکی زەردی وەرگرت.
باستۆنی بەشداری لە هەر پێنج یارییەکەی پاڵاوتنی مۆندیال لەگەڵ ئیتاڵیا کردووە، لەسەر داوای خۆی گەڕایەوە ئینتەر، تاوەکو خۆی بۆ یارییەکانی سێریا ئەی و چامپیۆنزلیگ ئامادەبکات.
بەرگریکارەکەی ئیتاڵیا لە یاریەکەی بەرامبەر ئێستۆنیا لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو کارتێکی زەردی وەرگرت و لە یاریی رابردووش کارتێکی دیکەی وەرگرت.
باستۆنی بەشداری لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسرائیل ناکات، بەڵام بۆ یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر مۆڵدۆڤا لە 13ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی داهاتوو ئامادە دەبێت.
Alessandro Bastoni is set to leave the Italy national team camp and return to Inter on Monday according to the latest updates. pic.twitter.com/JJrsmys30K
— Football Italia (@footballitalia) October 12, 2025
مۆیسێس کین بۆ یارییەکە ئامادەیە؟
کین بەهۆی پێکان لە یارییەکەی ئێستۆنیا بەهۆی پێکان و هەستکردن بە ئازار، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر گەڕانەوەی ئەستێرەکەن.
کین بەشداری لە مەشقەکانی دوێنێ یەکشەممە نەکرد، بڕیارە ئەمڕۆ پشکنینی تەواوی بۆ بکرێت، تاوەکو پێکانەکەی دەستنیشان بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، فرانچێسکۆ ئێسپۆزیتۆ، هێرشبەری لاو خۆی بۆ بەشداریکردن لە پێکهاتەی سەرەکی ئامادە دەکات، ئەمەش لە ئەگەری دوورکەوتنەوەی کین.
تەنیا دوو گەڕ بۆ تەواوبوونی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 ماوە و ئەگەر ئیتاڵیا سەربکەوێت، ئەوا جیاوازییەکەی لەگەڵ نەوریج بۆ سێ خاڵ کەمدەکاتەوە.