یوێفا گۆڕانکاری ریشەیی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و یۆرۆ دەکات
''حەز و ویستی خەڵک بۆ یارییەکانی پاڵاوتن زۆر لاوازە و دەبێ گۆڕانکاری بکرێت''

یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە شێوازی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و یۆرۆ دەکات.
بەهۆی کەمبوونەوەی حەزی هاندەران بە یارییەکانی پاڵاوتن و لاوازی گرنگیپێدانی گواستنەوەی یارییەکان لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە، یوێفا پلانێکی فراوان دادەڕێژێت.
رۆژنامەی سەندەی تایمز لە زاری سەرچاوەی باڵای نێو یوێفا کۆمەڵێک وردەکاری گۆڕانکارییەکان ئاشکرا دەکات. رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، یوێفا تیمێکی کاری تایبەتی بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەکان دروستکردووە، تاوەکو بەهای بازاڕی یارییەکان بەرزبکەنەوە.
🔺 EXCLUSIVE: Uefa is to hold a major review of international qualifiers amid fears that fans and broadcasters are losing interest in the matches
Full story by @martynziegler ⬇️https://t.co/cgh8XqJaWM
— Times Sport (@TimesSport) October 11, 2025
خولی نەتەوەکان و نموونەی سویسرا
یوێفا چەندین بژارەی سەرەتایی بۆ گۆڕینی سیستمی پاڵاوتنی مۆندیال و یۆرۆ ئامادەکردووە، لەوانە فراوانکردنی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ‘نەیشنز لیگ’، تاوەکو ببێتە بەشێک لە سیستمی پاڵاوتنی فەرمی.
بژاردەیەکی دیکە، بەکارهێنانی نموونەی سویسرییە کە لە چامپیۆنزلیگی ئێستا کاری پێدەکرێت، ئەویش سیستمی یەک کۆمەڵەیی کە لە خولی باسکەی ئەوروپاش پەیڕەو دەکرێت.
سیستمی سویسری رێگە بە هەڵبژاردەکان دەدات شەش بۆ هەشت یاریی دژی رکابەری جیاواز بکەن، ئەمەش بەگوێرەی پۆڵین و ریزبەندی فیفا و سیستمی ئێستای یاریی چوون و گەڕانەوە نەمێنێت.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دوو هەفتە بەر لە ئێستا کۆبوونەوەیەکی فراوانی یوێفا لە شاری مالاگا، ئیسپانیا کرا و تیایدا فایڵێکی پڕ زانیاری لەبارەی دابەزینی داهاتی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنی یارییەکان و کەمبوونەوەی فرۆشی بلیتی یارییەکان پێشکەشکرا.
سەرەڕای سەرکەوتنی سیستمی سویسری لە پاڵەوانێتی یانەکان، وەک چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ، بەرپرسانی یەکێتییەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە جیاوازی گەورە لەنێوان پاڵەوانێتییەکانی یانەکان و هەڵبژاردەکان هەیە و ئەو سیستەمە نابێتە چارەسەرێکی جادوویی بۆ یاریی هەڵبژاردەکان.