دەرفەتی عێراق یان سعوودیە بۆ گەیشتنی راستەوخۆ بە مۆندیالی 2026 زیاترە؟
ئەرکی شێرەکانی رافیدەین ئاسان نییە

یاریگا –
سێشەممە، هەڵبژاردەکانی عێراق و سعوودیە یارییەکی چارەنووسساز لە کۆتایی قۆناخی چوارەمی پاڵاوتنی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 لە جەدە دەکەن.
هەردوو هەڵبژاردەکە سێ خاڵییان لە بردنەوەکانیان لە ئیندۆنیزیا بەدەستهێناوە. سعوودیە 3-2 سەرکەوت و عێراقیش بە تاکە گۆڵی زیدان ئیقبال یارییەکەی بردەوە.
شانس و دەرفەتی سعوودیە بۆ گەیشتنی راستەوخۆ بە مۆندیال زیاترە، چونکە بە بردنەوە و یەکسانبوون سەردەکەوێت و کەتیبەکەی هارڤی رێنارد تەواو خۆی بۆ جەنگەکە ئامادەکردووە.
عێراق تەنیا بە بردنەوە دەگاتە مۆندیال، چونکە جیاوازی گۆلەکانی سعوودیە زیاترە و ئەمەش عێراق ناچار بە گۆڕینی تەکتیک دەکات.
خاوەن پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال و خاوەن پلەی دووەم، بەشداری لە قۆناخی پێنجەم و کۆتایی پاڵاوتن دەکات.
ئەگەر هەردوو هەڵبژاردەکە هەمان خاڵیان هەبێت، ئەوا ئەو هەڵبژاردەی گۆڵی زیاتری کردووە، لە پێشینە دەبێت. خاڵی ئەرێنی سعوودیە سێ گۆڵەکەیە و عێراق تەنیا خاوەنی یەک گۆڵە.