
یاریگا –
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی عێراقیدا سەپاند، کە دیارترینیان دکتۆر عەقیل مفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپیی عێراق بوو.
ئەم هەنگاوە، کە لەلایەن لیژنەی ئۆڵێمپیەوە بە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە ناوزەد کرا و لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە بە بریارێكی تاكلایهنه وەسف کرا، ئهمهش دەرگای بەڕووی قەیرانێکی نوێدا کردووەتەوە کە داهاتووی وەرزشی عێراقی خستووەتە مەترسییەوە.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لیستی نوێی سزاکانی بڵاوکردەوە. لەنێو لیستەکەدا، ناوی عەقیل مفتن خفیف (عەقیل مفتن) و براکەی، عەلی مفتن هاتبوو، بەیاننامەکەی واشنتۆن تۆمەتی قورسی ئاراستەی هەردوو براکە کردبوو، لەوانە:
- پەیوەندی لەگەڵ سوپای قودسی ئێرانی: تۆمەتبارکرابوون بەوەی خاوەنی بانکێکی بازرگانین کە پەیوەندی بە سوپای قودسەوە هەیە و یارمەتیی گواستنەوەی پارە بۆ میلیشیاکانی عێراق دەدەن.
- سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی: ئاماژە بەوە کرابوو کە پۆستەکانیان بۆ سپیکردنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ ئێران و یارمەتیدانی حیزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی گەندەڵیدا بەکارهێناوە.
- قۆزتنەوەی پۆستی وەرزشی: ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە کرابوو کە عەقیل مفتن پۆستەکەی وەک سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بۆ کاری گەندەڵی بەکارهێناوە.
ئهم سزایهی وهزارهتی گهنجینهی ئهمهریكا له عێڕاق بهبێ كاردانهوه نهبوو.
کاردانەوەی حکومەتی عێراق، داوای گفتوگۆ دەکات
دوای دوو رۆژ بێدەنگی، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە، باسم ئەلعەوادی، وەڵامێکی فەرمی و دیپلۆماسییانەی دایەوە. حکومەت بڕیارەکەی ئەمریکای بە تاکلایەنە و بێ بنهما وەسف کرد و ڕایگەیاند کە پێچەوانەی ڕۆحی دۆستایەتی و ڕێزی دوولایەنەیە.
گرنگترین خاڵەکانی وەڵامەکەی حکومەتی عێراق بریتی بوون لە:
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا:سەرۆک وەزیران فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کردووە کە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی و بانکی ناوەندی لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکەن و لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕاپۆرت و پێشنیارەکانیان بەرز بکەنەوە.
- داوای هاوکاری نەک سزای تاکلایەنە:حکومەت داوای لە ئەمریکا کردووە کە لەبری سزای تاکلایەنە، هاوکاریی عێراق بکات لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی تەکنیکی و بانکی.
- رهتكردنهوهی دەستوەردان له كاروباری حكومهت:حکومەت جەختی کردەوە کە هەرچەندە لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتانە دەکات، بەڵام هیچ سەرپەرشتی و دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیدا قبوڵ ناکات.
- پاراستنی مافی کارمەندان:حکومەت دڵنیایی دا کە هەر ڕێکارێکی چاکسازی نابێت زیان بە مافی ئەو هاوڵاتی و کارمەندانە بگەیەنێت کە پەیوەندییان بەو چالاکییانەوە نییە کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
کاردانەوەی لیژنەی ئۆڵێمپی عێڕاق هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە
چەند کاتژمێرێک دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بەیاننامەیەکی توندی دەرکرد و سەرجەم تۆمەتەکانی بە درۆ و هەڵبەستراو ناوبرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە ئەم هەواڵانە هەوڵێکی ڕوونن بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکان و زیانگەیاندن بە ڕێڕەوی وەرزشی و دارایی لیژنەکە.
لیژنەکە جەختی کردەوە کە سەرۆکەکەیان دوورە لەو تۆمەتانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییان کرد بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە ئەو درۆیانە بڵاودەکاتەوە.
دەرئەنجامە ئەگەرییەکان لەسەر ئاستی وەرزشی عێراق و جیهان
ئهگهر حكومهتی عێراق نهتوانێت ناوی عەقیل مفتن له لیستی سزاكانی ئهمهریكا دهربهێنێت و لە پۆستەکەی بهردهوام بێت دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەشدارییەکانی عێراق لە گۆڕەپانی وەرزشی جیهان هەبێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەم خاڵانەوە:
- هەڵوێستی لیژنەی ئۆڵێمپی جیهان : لیژنەی ئۆڵێمپی جیهان دەسەڵاتی باڵای ههیه بەرپرسە لە ڕێکخستنی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی هاوینە و زستانە، ئەم ڕێکخراوە زۆر بە جدی لە پرسی گەندەڵی و دەستێوەردانی سیاسی لە کاروباری وەرزشدا دەڕوانێت. ئەگەر دۆسیەی مفتن وەک نموونەیەکی گەندەڵی یان بەکارهێنانی پۆستی وەرزشی بۆ مەبەستی سیاسی ببینرێت، ئەوا دەتوانێت ڕێکاری توند بگرێتەبەر.
- هەڵپەساردنی ئەندامێتی: لە خراپترین حاڵەتدا، لێژنهی ئۆڵێمپی دەتوانێت ئەندامێتی لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق هەڵبپەسێرێت. ئەمەش بە واتای ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی وەرزشوانانی عێراقی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد سهرجهم چاڵاكیه وهرزشیهكانی تر لهسهر ئاستی ههڵبژارده و یانهكان و پاڵەوانێتییە کیشوەری و جیهانییەکان لەژێر ئاڵای عێراق و راگیرانی سەرجەم هاوکارییە تەکنیکی و داراییەکانی بۆ لێژنهی ئۆلێمپی عێڕاق و سڕكردنیان لهسهرجهم چالاكیهكان و ئهگهر عێراق بگاته مۆندیالیش ناتوانێت بهشداری بكات.