
یاریگا –
لە کاتێکدا کە زۆرێک پێیان وایە پڕۆژەی سوپەرلیگ شکستی هێناوە، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ باوەشی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا.
پێگهی دێفێنساسێنترالی نزیك له یانهی ریال مهدرید له راپۆرتێك ئاماژهی بهوهكردووه، ئهگهر سوپهرلیگیش شكست بهێنێت ئهوا پێرێز براوه بووه.
پێگهكه دهڵیت، ڕاستە یانەی شاهانە ئێستا بە تەنها لە بەرەی دژ بە یوێفا ماوەتەوە و وا دەردەکەوێت کە لەم جەنگەدا دۆڕابێت، بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ شتێک هێندەی ئەم بۆچوونە لە ڕاستییەوە دوور نییە. پێرێز دوو ئامانجی سەرەکیی لەم پرۆسەیەدا پێکاوە، هەرچەندە کەم کەس ئامادەبێت دان بەم ڕاستییەدا بنێت و سوپاسی بکات.
دێفێنساسێنترلی دوو سهركهوتنهكهی باس كردووه
سەرکەوتنی یەکەم: شکاندنی قۆرخکاریی یوێفا
گەورەترین و مێژووییترین سەرکەوتنی پێرێز و ڕیاڵ مەدرید، بردنەوەی ئەو جەنگە یاساییە بوو کە دژی یوێفای بەرپاکرد. دادگا بڕیاری لە بەرژەوەندیی سوپەرلیگ دا و ڕایگەیاند کە یوێفا مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە دروستبوونی پاڵەوانێتیی نوێ بکات و سزای یانە بەشداربووەکان بدات.
ئەم بڕیارە بە واتای کۆتاییهاتنی فەرمیی قۆرخکاریی یوێفا دێت بەسەر تۆپی پێی ئەوروپادا. ئێستا تۆپی پێی ئەوروپا چیتر موڵکی تایبەتی یوفا نییە، ئەمە وا دەکات کە لە داهاتوودا، ئەگەر ئەلێکساندەر چێفرینی سەرۆکی یوێفا و هاوکارەکانی خەویان لێبکەوێت و لەبیریان بچێت کە یانەکان پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئەم بزنسەن، بیرۆکەی سوپەرلیگ یان هەر پاڵەوانێتییەکی تر بتوانێت بە ئاسانی سەرهەڵبداتەوە و ڕکابەریی چامپیۆنزلیگ بکات، ئەمە سەرکەوتنێکە کە بەهۆی پێداگریی فلۆرەنتینۆوە بەدەستهاتووە.
سەرکەوتنی دووەم: زیادکردنی داهاتی یانەکان
پێش بیرۆکەی سوپەرلیگ، یانەکان بەردەوام سکاڵایان لە کەمیی ئەو داهاتە دەکرد کە لە چامپیۆنزلیگەوە پێیان دەگەیشت، لە کاتێکدا یوێفا قازانجێکی خەیاڵیی دەکرد، بەڵام فشاری دروستبوونی سوپەرلیگ، یوێفای ناچار کرد کە سیستمی چامپیۆنزلیگ بگۆڕێت و بڕی پارەی دابەشکراو بەسەر یانە بەشداربووەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەبێ فشاری ریاڵ مەدرید و پێرێز، زۆر ئەستەم بوو چێفرین و یوێفا ئامادەبن دەستکاریی ئەو کێکە گەورەیە بکەن، ئێستا هەموو یانەکان، تەنانەت ئەوانەی دژایەتیی سوپەرلیگیشیان دەکرد، سوودمەند دەبن لەو داهاتە زیادەیەی کە بەهۆی هەڕەشەکەی پێرێزەوە دروست بووە.
پێرێز سەرکەوت، بەڵام کەس سوپاسی ناکات
پێگهكه ئاماژهی بهوهشكردووه، جێی سەرسوڕمانە کە سەرەڕای ئەوەی پێرێز ئەم دوو دەستکەوتە گەورەیەی بۆ هەموو تۆپی پێی ئەوروپا بەدەستهێناوە، کەس ئامادە نییە سوپاسی بکات، هەمووان سوود لەم گۆڕانکاریانە وەردەگرن، بەڵام لە هەموو ئەوروپادا وەک “دۆڕاوی جەنگەکە” ناوی دەهێنن.
فلۆرەنتینۆ پێرێز، هەرچەندە نەیتوانی پڕۆژەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر لەو ئامانجانەی بەدیهاتوون ڕازییە. ئەو دڵنیایە کە سوپەرلیگ، بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە داهاتوو دەبێتە ڕاستی.