
یاریگا –
فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی بارسێلۆنا رەخنەی توند لە گواستنەوەی یاریی نێوان بارسا و ڤیاڕیال بۆ دەرەوەی ئیسپانیا دەگرێت.
دوێنێ چوارشەممە، خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی خولی ئیسپانیا (لالیگا) گواستنەوەی یاریی نێوان ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە 20ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بۆ دەرەوەی ئیسپانیا و بە تایبەتیش یاریگای هارد رۆک لە مەیامی راگەیاند.
ئەمە دەبێتە یەکەمجار یارییەکی خولێکی ئەوروپی لە دەرەوەی ئەوروپا بکرێت. دی یۆنگ لەبارەی بڕیارەکەی لالیگا دەڵێت؛
دەتوانم لە هەڵوێستی یانەکان تێبگەم، چونکە سوود لەم جۆرە یاریانە وەردەگرن، بەڵام رای من جیاوازە و لەگەڵ بڕیارەکە هاوڕا نیم، چونکە لەڕووی رکابەرییەوە دادپەروەرانە نییە.
یارییەکە لە دەرەوەی خاکی خۆمان و لە یاریگایەکی بێلایەن دەکرێت، هەست ناکەم کەس چێژی لێ وەربگرێت.
ئالێکساندەر چێفرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ بڕیارەکە بە نیگەرانکەر وەسف دەکات، چونکە بڕیارە یاریی نێوان میلان و کۆمۆ لە فێبرایەر/شوباتی داهاتوو لە پێرس، ئوستڕالیا بکرێت.