
یاریگا –
پاو کوبارسی، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار بەڕاشکاوی باسی رووبەڕووبوونەوەی کیلیان ئێمباپێ و جود بێڵینگهامی کرد.
بارسێلۆنا و ریال مەدرید ئامادەکاری بۆ یەکەم کلاسیکۆی وەرز لە 26ی ئەم مانگە دەکەن و کوبارسیش دووپاتیدەکاتەوە، یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریگایەکی ناوازەیە و یارییەکان پڕچێژتر دەکات.
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ و بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگایە.
کوبارسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاس باسی کۆمەڵێک وردەکاری و ئاستی ئێمباپێ و بێڵینگهام بەمشێوەیە کرد؛
رووبەڕووبوونەوەی ئێمباپێ و بێڵینگهام قورسە، ئێمباپێ زۆر دەجووڵێت و لە بۆشاییەکان زۆر خێرایە.
ناتوانیت پێشبینی بکەیت، بێڵینگهام چی دەکات، چونکە بەردەوام لە دواوە دێت، بەڵام پێموایە رووبەڕووبوونەوەی ئێمباپێ قورسترە، چونکە خێرایە و لەیەکەم بەرکەوتنی تۆپ شووت دەکات، جیا لەمەش هەستێکی گۆڵکاری بەرزی هەیە.
کلاسیکۆ شکۆدارترین یاریی مێژووە
کوبارسی زۆر بۆ یارییەکەی ریال مەدرید بەپەرۆشە و دانی بەوەنا، پێشبینیکردنی ئەنجامی یارییەکە قورسە، چونکە یارییەکە پەیوەندی بە ئاستی تیمەکانەوە نییە؛
لەوەتەی یەکەمجار بەشداریم لە یاریی کلاسیکۆدا کرد، بەردەوام بە پەرۆشم بۆ ئەم یارییە، یارییکردن لە بێرنابیۆ زۆر چێژبەخشە، چونکە کەشێکی تایبەتی هەیە و کاتێک سەردەکەوین، ئەوا هەستەکە زۆر خۆشتر دەبێت.
کلاسیکۆ شکۆدارترین یاریی مێژووی تۆپی پێیە و هەمووان خەون بەم یارییەوە دەبینن. یارییەکی یەکلاییکەرەوەیە و پێشبینیکردنی ئەنجامەکەی پێشبینی نەکراوە.
کوبارسی لەبارەی حەزی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاخود یارییکردن بەرامبەر بەڕازیل لە جامی جیهانی دەڵێت؛
هەردووکیانم دەوێت، چونکە جامی جیهانیش زۆر ناوازەیە و نوێنەرایەتیکردنی ئیسپانیا شتێکی زۆر خۆشە.