روونکردنەوەیەک لە تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ رای گشتی
بەشێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر لاواز کردنی تۆڕی وەرزشی یاریگا دەکرێت

یاریگا –
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێوەیەکی سیستماتیک هێرشێکی سایبەری فراوان کرایە سەر پەیجی تۆڕی وەرزشی یاریگا لە فەیسبووک.
تۆڕی وەرزشی یاریگا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە سڕینەوەی پەیجی یاریگا لە فەیسبووک دەدەن، رەتدەکاتەوە، بەڵکو پەیجەکە بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراوە لە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکرێت.
بەهۆی زۆری ژمارەی ریپۆرتەکانی سەر پۆستە جیاوازەکانی یاریگا، کۆمپانیای مێتا بەشێوەیەکی کاتی پەیجی یاریگای هەڵپەساردووە، ئێستا تیمی تەکنیکی یاریگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ کۆمپانیای مێتا لەسەرهێڵن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا بە توندی سەرکۆنەی ئەمجۆرە هەوڵە ‘دوژمنکارانە’ دەکات و دووپاتیدەکاتەوە، لە خزمەتکردنی وەرزشی کوردستان بەردەوام دەبێت.
پەیجی یاریگا لە فەیسبووک زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە و بەشێکی هەستیاری تۆڕە فراوانەکەیە.
جگە لە پەیجی فەیسبووک، خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا لە وێبسایت و پلاتفۆڕمەکانی ئینستاگرام، تیک تۆک، یوتیوب و تێلێگرام بەردەوامە، ئەمە جگە لە ئەپڵیکەیشنی یاریگا کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی تێدا بەردەستە.