
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستڕەی گەورەی پۆرتوگالی یەکەم گۆڵی پیشەگەری خۆی لە 7ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2002 لە یاریی سپۆڕتینگ لیسبۆن بەرامبەر مۆرینێنسی لە خولی پۆرتوگالی کرد.
دوای 23 ساڵ، رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندووەتە 946 گۆڵ و لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال رێزی لێندرا.
کاپتنی نەسڕ لە دوای رێوڕەسمەکە بە کەناڵی Canal 11ی راگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە 1000مین گۆڵ دەدات؛
خەڵک و بەتایبەت ماڵباتەکەم پێم دەڵێن، ئیتر کاتیەتی واز بێنە، هەموو شتێکت کردووە، تەنانەت پێم دەڵێن بۆچی دەتەوێت هەزار گۆڵ بکەیت!
رایەکی جیاوازم هەیە و پێموایە ئاستێکی باش پێشکەش دەکەم. یارمەتی یانە و هەڵبژاردەکەم دەدەم.
رۆناڵدۆ لەبارەی بوونی فەلسەفەی ژیانێکی جیاواز دەڵێت؛
تەمەن رێگەت پێدەدا جیاواز بیربکەیتەوە، فەلسفەم بۆ ژیانی رۆژانە هەیە، ژیان زۆر خێرایە و شتەکان خێرا دەگۆڕێن، ئێستا تەنیا پلانی کورتخایەن دادەڕێژم، چونکە وزەیەکی زیاترم پێدەدات و ویستی ژیانم زیاد دەکات.
رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە بەردەوامبوون لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردەوە؛
شتەکە روونە، ئامانجی ئێمە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026، بەڵام دەبێ هەنگاو بە هەنگاو مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک بکەین. پێویستە دەرفەتەکان بقۆسینەوە.
22 ساڵە یاریی بۆ وڵاتەکەم دەکەم، ئەمەش بەڵگەی خۆشەویستی منە بۆ پۆشینی ئەم درێسە و بردنەوەی نازناەکان، بەردەوام دەڵێم، ئەگەر بەدەست من بووایە، تەنیا یاریم بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەکرد و وازم لە هەموو یانەیەک دەهێنا.