
یاریگا –
پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بەدەستهێنا و گازی باکووریش خاڵێکی دیکەی وەرگرت.
لە گەڕی دووەمی خولی نایابی عێڕاق، پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 لە میسانی بردەوە و تاکە گۆڵی یارییەکەش بەهەست هاوڕێ تۆماری کرد، یەکەم سەرکەوتنی نوێنەرەکەی سلێمانی بوو لەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق و بە چوار خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولەکە دێت.
بە راهێنەرایەتی سەفوان عەبدولغەنی، گازی باکوور لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 1 لەگەڵ ئیتیساڵات یەکسان بوو، سەجاد حوسێن لە خولەکی 90+6 گۆڵی گازی باکووری تۆمار کرد، یەکەم خاڵی ئەم وەرزەبوو گازی باکوور وەریبگرێت و لە ریزبەندی 15ـەی خولی نایابی عێڕاق دێت
گەڕی داهاتوو گازی باکوور یەکەم یاریی لە یاریگای خۆی لە کەرکووک دەکات بەرامبەر حەشدی شەعبی، پێشمەرگەی سلێمانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ناسڕیە دەبێتەوە، حدوود و حوسێن تاکە یانەی ئەم وەرزەن تا ئێستا لە هەردوو یارییدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بە شەش خاڵ لە ریزبەندی یەکەم و دووەمی خولی نایابی عێڕاق دێن.