
یاریگا –
رۆدریگۆ، ئەستێرەی ریال مەدرید پەردە لەسەر چەندین نهێنی ژیانی کەسی و پیشەگەری هەڵدەداتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی درێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئاس، رۆدریگۆ باسی چەندین وردەکاری ژیانی خۆی کرد و بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، لە پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا نزیکبوو، بەڵام باوکی پێی راگەیاند کە ریال مەدرید پەیوەندی پێوە کردووە؛
کاتێک باوکم گوتی ئەوا ریال مەدرید هاتووەتە سەرهێڵ و دەبێ بڕیارێک بدەین، شتەکە بۆ من ئاسان بوو، دەستبەجێ گوتم ریال مەدرید.
دۆخم لە سانتۆس زۆر باش بوو، بارسێلۆنا زۆر هەوڵی گواستنەوەیدام، بەردەوام وەکو یانەیەکی گەورە سەیری بارسێلۆنا دەکەم و زۆر رێزی دەگرم، بەڵام ریال مەدرید خەونی من بوو، ئەمەش وایکرد بڕیارەکەم ئاسان بێت.
گەیشتنی رۆناڵدۆ بۆ مەدرید
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەستێرە بەڕازیلییەکە هۆکاری شەیدابوونی بە ریال مەدرید ئاشکرا کرد و دەڵێت؛
کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەیشتە ریال مەدرید، سەیری هەموو یارییەکم دەکرد، خۆم هاندەری سانتۆسم، بەڵام لە منداڵییەوە ریال مەدریدم خۆشدەویست.
رۆدریگۆ لەبارەی داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید بەڕاشکاوی روونیکردەوە؛
بەردەوام ئۆفەرم پێشکەش دەکرێت، بەڵام هەڵوێستی خۆم بۆ یانەکە روونکردەوە کە دەمەوێت بەردەوامی بە سەرکەوتنەکانم بدەم.
دەمەوێت نازناوی ئەوروپی زیاتر بەدەستبهێنم و تاوەکو ریال مەدرید بیەوێت، من لێرە دەبم.
رۆدریگۆ باسی یەکەم پەیوەندی نێوان خۆی و چابی ئاڵۆنسۆ دەکات و بە رۆژنامە مەدریدییەکەی گوت؛
ئاڵۆنسۆ پەیوەندی پێوە کردم و پێی گوتم، دەزانم دەتەوێت لە باڵی چەپ یاری بکەیت، بەڵام من لە شوێنی دیکەش پێویستیم بە تۆ دەبێت.
بە ژمارەی خوولەکەکانی بەشداریکردنم دڵخۆشم، ئاستم باشتربووە و هەست بە دڵخۆشی دەکەم. بە ئاڵۆنسۆم گوت، لە هەر شوێنێک پێویستیت بەمن بێت، یاریی دەکەم.
دۆڕانی دێربی دووبارە نابێتەوە
رۆژنامەنووسەکەی ئاس باسی یاریی کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە 26ی ئەم مانگە کرد و رۆدریگۆ لە وەڵامدا گوتی؛
باشترە وەرزی رابردوو لەبیر بکەین، وەرزی رابردوو لە ئاست چاوەڕوانییەکان نەبووین، بەتایبەت لە یارییەکانی کلاسیکۆ.
دانی پێدا دەنێم و دەڵێم ئەوان (بارسێلۆنا) ئێستا تیمێکی باشتر و متمانەیەکی زیاتریان بەخۆیانە، بەڵام ئێمەش تیمێکی زۆر باشمان هەیە.
لەبارەی دۆڕانی یاریی دێربی مەدرید 5-2، رۆدریگۆ دەڵێ ئەمە دووبارە نابێتەوە؛
بەهیچ شێوەیەک نابێ ئەمە دووبارە ببێتەوە، بەڕاستی رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمە، بەڵام دووبارە نابێتەوە.
ئێمباپێ دیاردەیە
ئەستێرە بەڕازیلییەکە ستایشێکی زۆری کیلیان ئێمباپێی کرد و بە یاریزانێکی زۆر گەورەی وەسف دەکات؛
ئێمباپێ خێراییەکی بێوێنەی هەیە و رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت. کیلیان زۆر بەباشی هێرشەکان کۆتایی پێدەهێنێت. بەڕاستی دیاردەیەکی تۆپی پێیە و زۆر دڵخۆشم لە تیمەکەی ئێمە یاریی دەکات.
رۆدریگۆ دووپاتیدەکاتەوە، وەرزی رابردوو بە دۆخێکی زۆر سەختی دەروونی تێپەڕی؛
وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی کەسی بە دۆخێکی زۆر سەخت تێپەڕیم. بۆ ماوەیەکی درێژ قسەم لەگەڵ کەس نەکرد، هیچ کەسێکیش ئاگاداری دۆخی من نەبوو.
لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە باش نەبووم، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستکردم. دواتر خودا، ماڵباتەکەم و ئانچێلۆتی یارمەتیاندام و دۆخەکەم تێپەڕاند. بەڕاستی ئانچێلۆتی زۆر یارمەتیدام.