یوێفا وەڵامی پێشنیازەکانی ریال مەدرید و سوپەرلیگ دەداتەوە
وەشانێکی نوێی چامپیۆنزلیگ ئامادەکراوە

یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ وەڵامی پێشنیازەکانی بەرپرسانی ریال مەدریدی لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپی ‘سوپەرلیگ’ دایەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، یوێفا بەشێوەیەک لە شێوەکان بە پێشنیازەکانی کۆمپانیای A22ی رێکخەری سوپەرلیگ رازییە، بەڵام دەیەوێت گەرەنتی هێشتنەوەی هێڵە گشتییەکانی چامپیۆنزلیگ بپارێزرێت.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، تاکە گۆڕانکاری گەورە کە بەسەر چامپیۆنزلیگی ئێستا بێت، پەیوەستە بە قۆناخی خول (کۆمەڵەکانی کۆن).
بەگوێرەی پێشنیازەکەی رێکخەرانی سوپەرلیگ، یانەکان لە پلەی یەکەم تاوەکو 18 دەبێ هەشت یاریی قۆناخی خول لە رووبەڕووی یەکتر ببەنەوە، بەمەش لە قۆناخی یەکەمەوە یاریی سەرنجڕاکێش دەبیندرێت.
پێناچێت ناوی چامپیۆنزلیگ بکرێتە سوپەرلیگ و خەریکە لەسەر وردەکارییەکان رێکدەکەون و ساڵی 2027 دەستپێدەکات.
لە چەند مانگی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای بارسێلۆنا و ریال مەدرید چەندین کۆبوونەوەی دوور لە چاوی میدیای لەگەڵ کۆمپانیای A22ی رێکخەری سوپەرلیگ کردووە.
کۆمپانیاکە دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێک کە بەدڵی هەمووان بێت، چونکە یوێفا وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی توندی پڕۆژەکە وەستاوە و سازش ناکات.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی مارکا ئاشکرایدەکات، پڕۆژەی فرۆشتنی یارییەکانی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا ماوەیەکی درێژە کاری پێدەکرێت و سەرجەم یانەکان پێی رازین، بۆیە کۆمپانیای A22 هیچ پەیوەندییەکی بەم کەیسە نابێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە جەختیکردووەتەوە، چامپیۆنزلیگی نوێ لە ساڵانی نێوان 2027 تاوەکو 2033 داهاتی سەرجەم یانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کۆمپانیای UC3 کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا و یوێفایە، سەرپەرشتی فرۆشتنی مافی پەخشی لە ساڵانی نێوان 2027-2033 دەکات. بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، مافی گواستنەوەی یارییەکان لە وڵاتانی وەکو ئیسپانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەستپێبکات.
لە وەشانی نوێی چامپیۆنزلیگدا، کۆمپانیای Relevent بەرپرسی بەبازاڕکردنی یارییەکان دەبێت، پێشتر کۆمپانیای TEAM Marketing سەرپەرشی دەکرد، لەژێر چەتری کۆمپانیای UC3.
پڕۆژەی سوپەرلیگ لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، چونکە بارسێلۆنا بە نیازە لە پڕۆژەکە بکشێتەوە و بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی یانەکانی ئەوروپا بکات، ئەمەش هاوکێشەکە لە ریال مەدرید تێکدەدات و بە تەنیا دەمێنێتەوە.