
یاریگا –
راهێنەری زەوڕا دوای شکستەکەی بەرامبەر قوەجەوییە هەڕەشەی جێهێشتنی تیپەکەی دەکات و بە مەرج بەردەوام دەبێت.
لە دوایین یاریی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زەوڕا لە کلاسیکۆی عێڕاق 2 _ 0 بە یانەی قوەجەوییە دۆڕا، زەوڕا 11 یاریی و چوار وەرز بوو لە خولی عێڕاق بە جەوییە نەدۆڕابوو.
عەبدولغەنی شەهد دوای یارییەکە هەڕەشەی جێهێشتنی یانەکەی کردووە ئەگەر سێ یاریزان لە ریزی تیپەکەی دوور نەخەنەوە، راهێنەرەکەی زەوڕا دەڵێت:
لەگەڵ دەستەی کارگێڕی زەوڕا کۆبوونەوەی بەپەلە دەکەم، سێ یاریزان هەن کە دەبێت لە ریزی تیپەکە دووریان بخەمەوە و ئەمە مەرجی بەردەوام بوونی منە لەگەڵ زەوڕا، بە پێچەوانەوە واز لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دێنم.
زەوڕا لە سێ یارییدا دوو یەکسان بوون و شکستێکی هەیە و بە دوو خاڵ لە ریزبەندی 16ـەی خولەکە دێت، قوەجەوییە لە چوار یارییدا سێ سەرکەوتن و شکستێکی هەیە و بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.