
یاریگا –
پۆلیسی ویلایەتی گۆوای هیندستان، بۆ ئەگەری سەردانی کردنی کریستیانۆ بۆ ویلایەتەکەیان ئامادەکاری دەکەن.
هەرچەندە یانەی نەسڕ، ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی بۆ دوو یاریی یەکەمی تیپەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر ئیستقلولی تاجیکستانی لە ریاز و زەورای عێراقی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە پێکهاتەکەیدا نەبوو، بەڵام پۆلیسی گۆوا و یانە میواندارەکە نایانەوێت تا دوا خولەک چاوەڕێی بڕیاری یانە سعودییەکە بکەن.
تیکام سینگ فیرما، بەرێوبەری پۆلیسی باشووری گۆوا بە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیندیا راگەیاند:
تا ئەو کاتەی پشتڕاستکردنەوەی فەرمی سەبارەت بە هاتنی رۆناڵدۆمان پێنەگات، ناتوانین پلانی ئەمنی جێبەجێ بکەین. بەڵام ئەگەر بڕیارەکەش لە کۆتا خولەکیشدا بدرێت، توانای بەڕێوەبردنمان هەیە، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ یانەی گۆوا کردووە و بڕیاردرا لە رۆژی یارییەکەدا هێزی پۆلیس زیاد بکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایش بۆ ئامادەبوونی رۆناڵدۆ بەگوێڕەی پرۆتۆکۆڵەکانی ئاسایشی دەوڵەت و نیشتمانی دابین دەکرێت، هەروەها پشتگیریی زیاتری پۆلیسی ناوخۆییش لەبەرچاو گیراوە.
لە لایەکی دیکەوە رافی بۆسکۆر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی گۆوا جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتداران هەیە. گوتیشی:
بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی زۆری هاندەران، رێککەوتن لەسەر زیادکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ چوونە ژوورەوەی سەلامەتی هاندەران گرتراوەتە بەر، پۆلیس پرسیاری لەبارەی هاتنی رۆناڵدۆ کرد و روونمانکردەوە کە بڕیاری کۆتایی لای یانەی نەسڕە و بەزۆری پێش گەشتەکە رادەگەیەنرێت، لەسەر داوای نەسڕ، پێشتر داوای ڤیزەمان بۆ رۆناڵدۆ کردووە.
ئەم یارییە بە گەورەترین یاری بۆ گۆوا لە کۆمەڵەکە دادەنرێت، بەو پێیەی یانەی نەسڕ بە سەرکردایەتی رۆناڵدۆ، براوەی پێنج باكۆن دۆر و پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ و براوەی یۆرۆی 2016، هاندەرێکی بێ وێنەی لە هیندستاندا بەدەستهێناوە. هەروەها پێکهاتەی یانە سعودییەکە بە ئامادەبوونی ئەستێرەکانی وەک سادیۆ مانێ و جواو فیلیکس و مارتینێز و کینگسلی کۆمان سەرنجی یارییەکە زیاتر دەکات.