
یاریگا –
گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کلاسیکۆی عێڕاقی تێدا دەکرێت و زەوڕا و قوەجەوییە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
شەوی یەکشەممە ( 5ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زەوڕا و قوەجەوییە کاتژمێر 8:30 لە یاریگای مەدینە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، وەک هەموو وەرزێک زۆرترین رێژەی ئامادەبوونی هاندەر لە نێو یاریگا لە یاری کلاسیکۆی عێڕاق دەبێت.
رەشید جابر، راهێنەری عومانی قوەجەوییە دەربارەی ئەم یارییە و ئامادەکاری تیپەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
تێدەگەم لە گرینگی ئەم یارییە تایبەت بۆ هاندەرانی جەوییە، شانازی دەکەم لە کلاسیکۆ راهێنەرایەتی دەکەم کە لە نێوان دوو یانەی لووتکەی عێڕاقە، ئامانجمان سەرکەوتنە هەر چەندە هەر دوو تیپ چەندین یاریزانی ئاستبەرزی تێدایە و رێژەی سەرکەوتن تاڕادەیەک بۆ هەر یانەیەک هاوسەنگە، لە سەرەتای خول تووشی ئاست و ئەنجامی بەرز و نزم دەبیت و کارێکی سروشتیە، ئەم یارییە تاقیکردنەوەی راستەقینەیە بۆ هەر دوو یانە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری زەوڕا باسی ئاستی تیپەکەی دەکات کە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو نیشانیانداوە، دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەش بۆ یاریی کلاسیکۆ گووتی:
زەوڕا ئاستێکی باش پێشکەش دەکات لە سەر ئاستی یارییەکانی ئاسیا و ناوەخۆ، کارمان کردووە لەسەر چاککردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە یاریی رابردوو بەرامبەر نەسڕ کردمان، تیپەکەم ئامادەیە کە یارییەک بکات شایستەی ئاست و پێگەی ناوی زەوڕا و هاندەرانی بێت، یاریزانی بە توانامان هەیە لە سەر ئاستی ناوخۆ و پیشەگەرەکانیش، رێزی تیپی بەرامبەر دەگرین وێڕای ئەوەی ئێمە پاڵەپەستۆی زیاترمان لەسەرە.
زەوڕا دوو یاریی کردووە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و لە هەر دوو یاریشدا یەکسان بووە، نەورەسەکانی بەغدا دوو خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 16ـەی خولەکە دێن، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر قاسم یاریی دەکەن.
قوەجەوییە لە سێ یارییدا دوو سەرکەوتن و شکستێکی هەیە، هەڵۆکانی بەغدا بە شەش خاڵ لە ریزبەندی 11 دێن و گەڕی داهاتووش میوانداری یانەی غەڕاف دەکات.