Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

فلیک گومان لە بەشداریکردنی یامال دژی ریاڵ مەدرید دروست دەکات

نازانم یەکێتیی ئیسپانیا چی لە یاریزانەکانم دەوێت

Yariga App

یاریگا –

فلیک بەشداریی یامالی لە کلاسیکۆدا پشتراستنه‌كرده‌وه‌ بەرەیەکی نوێ لە دژی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکاتەوە.

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، گومانی خستە سەر بەشداریکردنی لامين یامال لە یاریی داهاتووی کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید و لە هەمان کاتدا دوای بانگهێشتکردنی مارک بێرناڵی لاو بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرەیەکی نوێی مشتومڕی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیادا کردەوە.


گومان لە بەشداریکردنی یامال لە کلاسیکۆدا

هەڵبژاردەی ئیسپانیا ناوی لامين یامالی لە لیستی یارییەکانی داهاتووی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026 دژی جۆرجیا و بولگاریا دوورخستەوە، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە یاریزانەکە دووبارە تووشی پێکان بووەتەوە.

فلیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێش یاریی سیڤییا، رایگەیاند،

“کاتێک گومانمان لە ئامادەیی یاریزانێک هەبێت، یاری ناکات، لامين زۆر باشترە، بەڵام هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە.”


کاتێک پرسیاری بەشداریکردنی لە یاریی کلاسیکۆدا لێکرا کە لە 26ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، فلیک گوتی: ”

هێشتا نازانین لەگەڵ ئەم جۆرە پێکانانەدا، نازانین چەندی پێدەچێت دوو هەفتە، سێ، یان چوار ئێمە دەمانەوێت هەنگاو بە هەنگاو چاودێریی دۆخی بکەین.”

راهێنەرە ئەڵمانییەکە جەختی لەوەش کردەوە کە پەشیمان نییە لەو رەخنانەی پێشتر لە لویس دی لا فوێنتێی راهێنەری ئیسپانیای گرتبوو سەبارەت بە پاراستنی یامال و گوتی:

 “من دەمەوێت پارێزگاری لە یاریزانەکانم بکەم، ئەوە ڕابردوو بوو، ئێستا دەبێت یانەکان و هەڵبژاردەکان پێکەوە کاربکەن.”

فلیک هێرش دەکاتە سەر یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا

هانزی فلیک بە توندی رەخنەی لە بڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا گرت بۆ بانگهێشتکردنی مارک بێرناڵ بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 21 ساڵان.

بێرناڵ مانگی ڕابردوو دوای 382 ڕۆژ دابڕان بەهۆی پێکانێکی قورسی ئەژنۆیەوە گەڕایەوە یاریگاکان و فلیک زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات بۆ ئەوەی دووبارە تووشی پێکان نەبێتەوە.

فلیک لەمبارەیەوە گوتی

 “دۆخێکی قورسە، پێم وا نییە ئەو ئێستا ئامادە بێت بۆ یاریکردنی بۆ كاتێكی زۆر، نازانم ئەوان چییان لێی دەوێت، بەڵام دەبێت زۆر وریا بین. ئەو لە پێکانێکی زۆر قورس گەڕاوەتەوە و لە رووی جەستەییەوە هێشتا لە ئاستی پێش پێکانەکەی نییە، پێویستە لەسەر یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا وریا بێت و ئاگاداری بێت.

له‌ كۆتاییدا گوتی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆخه‌كان خۆمان بگونجێنین و بۆ هه‌موو یارییه‌ك پلانی تایبه‌تمان ده‌بێت و یارییمان به‌رامبه‌ر سیڤییا یه‌كێك له‌ یارییه‌ قورسه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button