
یاریگا –
دێمێتری میشێل، بەهرەمەندی پێشووی مانچێستەر یونایتد، بە سوود وەرگرتن لە ژیری دەستکرد گرێبەستی واژۆ کرد.
میشێل بۆ ماوەیەکی کورت لە یانەکانی هارتس و بلاکپول و هایبەرنیەن و ئێکستەر سیتی یاریی کردووە و لەم هاوینە پەیوەندی بە لەیتن ئۆریێنتەوە کرد، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، شێوازە تایبەتەکەی بووە بۆ دانوستان و واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە نوێیەکەی.
بەهرەمەندە پێشووەکەی مانچێستەر یونایتد ئاشکرایکردووە کە چات جی پی تی، بۆ دانوستان لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ لەیتن ئۆریێنت یارمەتی داوە. یاریزانەکە هەر خۆی بەبێ ئەوەی پێویستی بە بریکار هەبێت دانوستانی کردووە و لە ئەنجامدا لە رووی داراییەوە سوودی زیاتری دەستکەوتووە. یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە ماوەیەک ناوی لە ریزبەندی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد هەبوو بەڵام هەرگیز نەیتوانی یاریی بۆ تیپی یەکەم بکات.
Former Man Utd star reveals he negotiated latest contract at EFL club with ChatGPT https://t.co/maV45MrLE5
— The Sun Football ⚽ (@TheSunFootball) October 2, 2025
میشێل لە چاوپێکەوتنێکدا لە پۆدکاستێک، ئاشکرای کرد کە چۆن ژیری دەستکردی بۆ داڕشتنی نامەکانی بەکار هێناوە و گوتی:
لەیتن ئۆریێنت ئۆفەرێکی پێشکەش کردم و منیش بریکارم نەبوو و چات جی پی تیم بە کار هێنا، پرسیارم لێکرد کە چۆن دانوستاندن بکەم و چی لە نامەکەدا بنووسم.
یاریزانە ئینگلیزییەکە لەبری ئەوەی پشت بە بریکارێک ببەستێت بڕیاریدا هانا بۆ تەکنەلۆژیا ببات. پاڵەوانی ئێستای ئەوروپای خوار 17 ساڵان بە رێنماییەکانی ژیری دەستکرد، گرێبەستێکی دوو ساڵەی لەگەل یانە نوییەکەیدا واژۆ کرد.