
یاریگا –
هەولێر سەرکەوتنێکی گرینگی بەرامبەر گەڕمە بە دەست هێنا و راهێنەری تیپەکەش ئەم سێ خاڵە پێشکەشی هاندەران دەکات.
کوڕانی قەڵا و منارە لە ئاست و ئەنجامە باشەکانیان بەردەوامن و قوربانی ئەمجارەش گەڕمەی پڕ ئەستێرە بوو، هەولێر لە یاریگای دهۆک 2 _ 0 لە گەڕمەی بردەوە کە ئەم وەرزە زۆرترین پارەی خەرج کردووە بۆ ئەوەی کێبڕکێی بە دەست هێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بکات.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دوای تەواو بوونی یارییەکە دەربارەی سەرکەوتنە گرینگەکەیان گووتی:
ئەم سەرکەوتنە پیرۆزە لە کارگێڕی و یاریزانان و هاندەرانی خۆشەویست، هیوام وابوو یاریزانەکان بەشێوەیەکی باش دەرکەون کە ئەمەش روویدا، گەڕمە تیپێکی باشە و ئامادەکارییەکانیشیان لە ئێمە باشتر بووە، ئەم سێ خاڵە پێشکەش بێت بە هاندەران کە شایستە بوون و هەمیشە پاڵپشتی تیپەکەیانن.
بەم سەرکەوتنە هەولێر بە شێوەیەکی کاتی و بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ ریزبەندی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی وەرگرت، لە گەڕی پێنجەمیش لە یاریگای خۆی و لە یاریی لووتکەدا میوانداری شوڕتە دەکات.