دهۆک لە ئەرکێکی زەحمەتدا دەبێتە میوانی تەڵەبە و ئەستێرەیەکی تیپەکەش دەڵێت پێویستە ئەمڕۆ لە رۆژی خۆماندا بین
سلێمان رەمەزان گەشبینە بە داهاتووی تیپەکەی

یاریگا –
دوای سێ شکستی بەدوای یەک، دهۆک ئەمڕۆ دەبێتە میوانی تەڵەبە و هارون ئەحمەدیش دەڵێت پێویستە لە رۆژی خۆمان بین و سەرکەوتن تۆمار بکەین.
لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، ئەمشەو هەینی ( 3ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) کاتژمێر 8:30 لە یاریگای مەدینە دهۆک دەبێتە میوانی تەڵەبە، لە سێ یاریی رابردووی خولەکە دهۆک شکستی هێناوە و بە ئامانجی یەکەم سەرکەوتن گەشتی بەغدایان کردووە.
هارون ئەحمەد، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری دهۆک دەربارەی یارییەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند:
لە یاریی رابردوو بەرامبەر کەرخ ئاستێکی باشمان نیشاندا هەرچەندە تووشی شکست بووین، ئاستی تیپەکە لە بەرزبوونەوەدایە، شکستەکان بەشێکی زۆر بۆ یاریزانەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ لە رۆژی خۆمان بین و سەرکەوتن تۆمار بکەین، ئەوەی لە توانامان بێت دەبێ ئەمڕۆ پێشکەشی بکەین.
سلێمان رەمەزان بە گەشبینیەوە لە داهاتووی تیپەکە دەڕوانێت، دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ راهێنەری هەڵۆکانی چیا گووتی:
دهۆک یانەیەکی گەورەیە، دەگەڕێینەوە سەرکەوتنەکان تەنها پێویستمان بە کات هەیە، سەرجەم یاریزانەکان بۆ یارییەکە ئامادەن، ئامادەکاری باشمان کردیە لە چەند رۆژی رابردوو بۆ ئەم یارییە.
دهۆک لە ریزبەندی 19ـدێت بەبێ خاڵ و گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی نەورۆز، تەڵەبەش لە سێ یاریی رابردوودا چوار خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 10ـیەم دێت، گەڕی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە.