بارسێلۆنا وادەی نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ ئاشکرا دەکات
هەموو شتێک کۆتایی هاتووە..

یاریگا –
بارسێلۆنا هەر لەم مانگە بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی هۆڵەندی رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ، بارسێلۆنا لەگەڵ دی یۆنگ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستی ئەستێرە هۆڵەندییەکە تاوەکو هاوینی 2029 نوێدەکاتەوە.
هاوکات هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم مانگە و بەدیاریکراوی لە 15ـی ئۆکتۆبەر بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ رادەگەیەنێت.
🔵🔴 El Barça ya planifica la firma de De Jong para el 15 de octubre
✍ @ffpolo https://t.co/nGSi0By7NA
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) October 3, 2025
یاریزانە 28 ساڵانییەکە لە هاوینی 2019 لە ئایاکسی هۆڵەندییەوە بەبڕی 86 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆنا کردووە.
دی یۆنگ لە هاوینی 2020 گرێبەستەکەی بۆ شەش وەرزی دیکە و تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردەوە، بڕیارە پاش دوو هەفتەی دیکە بۆ سێ وەرزی دیکە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. بەهای ئێستای یاریزانەکە لە بۆڕسە 45 ملیۆن یۆرۆیە.
دی یۆنگ بە درێسی بارسێلۆنا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکەندا بەشداریی 266 یاریی کردووە، 19 گۆڵی کردووە و 24 گۆڵی دروستکردووە.
دوو نازناوی لالیگا، دوو نازناوی جامی شای ئیسپانیا و دوو نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ یانە کاتالوونیەکە بەدەستهێناوە.