
یاریگا –
پێش یارییەکەیان بەرامبەر گەڕمە، باسم قاسم، راهێنەری هەولێر داوایەک لە هاندەرانی قەڵا و منارە دەکات.
هەینی ( 3ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای دهۆک رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە لە کاتژمێر 8:30ـی شەو، گەڕمە بە تەواوی ئەستێرەکانی بۆ یارییەکە ئامادەیە، مستەفا قابیل، هێرشبەری لاوی هەولێر دوای پێکانەکەی لە یاریی کارەبا بەتەواوی چاکبۆتەوە و دەتوانێت بەشداری یارییەکە بکات.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە باسی ئامادەکاری تیپەکەی دەکات و داوایەکیش لە هاندەرانی هەولێر دەکات:
یارییەکە بۆ هەر دوو یانە زەحمەتە، گەڕمە و هەولێر لە سێ یاریی رابردوو ئەنجامی باشیان بەدەست هێناوە، ئێمە وەکو دەستەی راهێنەران و کارگێڕی ئامانجمان سێ خاڵی یارییەکەیە، یاریزانەکانیش ئامادەن بۆ درێژەدان بە ئەنجامە باشەکان، داوا لە هاندەرانی هەولێر دەکەم ژمارەیەکی زۆر لە یاریگا ئامادەبن و هانی یاریزانەکان بدەن تا کۆتایی، هاندەر رۆڵی سەرەکی هەیە لە ئەنجامی باش بۆ تیپەکەی.
هەولێر بە حەفت خاڵ لە ریزبەندی سێیەمە و گەڕمە بە هەمان خاڵ لە ریزبەندی چوارەم دێت، گەڕی داهاتوو هەولێر میوانداری شوڕتە دەکات و گەڕمەش لە یاریگای خۆی بەرامبەر کارەبا یاریی دەکات.