Loading...
عێراقکوردستانگرنگترین

خولی نایابی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەی یەکلاییکەرەوەدایە

هیچ پاره‌یه‌ك له‌ گەنجینەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستاندا نییه‌

Yariga App

یاریگا –

ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان چاره‌نووسی نادیاره‌ و كۆمه‌لێك كێشه‌ به‌رۆكی ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی گرتووه‌.

لە کاتێکدا تەنها چەند هەفتەیەکی کەم ماوە بۆ وادەی دیاریکراوی دەستپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان، کە بڕیارە لە 22ی تشرینی یەکەم دەست پێ بکات، چارەنووسی خولەکە لە نێوان چەندین کێشەی ئاڵۆز و بژاردەی سەختدا گیری خواردووە، قەیرانی دارایی، کشانەوەی یانەکان، ناکۆکی لەسەر میکانیزمی پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، وایانکردووە کە ئاسۆیەکی روون بۆ بەڕێوەچوونی خولەکە لە وادەی خۆیدا نەمێنێت.

قەیرانی دارایی کێشە گەورەکە

کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی کە وەک هەورێکی رەش بەسەر ئاسمانی تۆپی پێی کوردستاندا نیشتووە، نەبوونی بودجەیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان هێشتا بەشێک لە شایستە داراییەکانی وەرزی (2023-2024) و تەواوی بودجەی وەرزی رابردووی (2024-2025) وەرنەگرتووە، هەرچەندە بەڵێنی دابینکردنی بودجە بۆ وەرزی نوێش پێدراوە، بەڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتووەتە دەست فیدراسیۆن قاسه‌یان به‌ تاڵه‌.

ئەم بێ پارەییە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو جومگەکانی خولەکە كردووه‌، فیدراسیۆن پلانێكی روونی نیه‌، بەشێک لە ناوبژیوانان رایانگەیاندووە کە ئامادە نین بەبێ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکان لە ئەستۆ بگرن و فیکەی دەستپێکی یارییەکان لێبدەن.

کشانەوەی یانەکان و دوو بژاردە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکان

لە کۆی 14 یانەی خولی نایاب، تاوه‌كو ئێستا دوو یانە كه‌ برایەتی و هەڵۆن بە فەرمی کشانەوەیان لە وەرزی نوێ راگەیاندووە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی یاریگا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رۆژی شەممەی وەک کۆتا وادە بۆ یانەکان دیاریکردووە بۆ ئه‌وه‌ی به‌ فەرمی بەشداریكردنیان له‌ خوله‌كه‌ پشتڕاست بکەنەوە، هه‌ر یانه‌یه‌ك تاكو ئه‌و واده‌یه‌ به‌شداریكردنی له‌ رێگه‌ی نووسراویك بۆ یه‌كێتیه‌كه‌ پشتراستنه‌كاته‌وه‌ مافی به‌شداریكردنی نابێت.

بۆ پڕکردنەوەی ئەم دوو شوێنە بەتاڵە، دوو بۆچوون و بژاردەی جیاواز لەناو ئەندامانی فیدراسیۆن هه‌ن:

یاریگا زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ بۆ شوێنی هه‌ردوو یانه‌ی برایه‌تی و هه‌ڵۆ كه‌ كشانه‌وه‌یان له‌ خوله‌كه‌ به‌فه‌رمی راگه‌یاند دوو بژارده‌ هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌م دوو یانه‌یه‌ پربكرێته‌وه‌.

  • بژاردەی یەکەم – بەهێز: هەندێک لە ئەندامانی یه‌كێتیه‌كه‌ پێیان باشە کە هەردوو یانەی زانکۆی جیهان و خاک، کە وەرزی ڕابردوو پلەکانی سێیەم و چوارەمی خولی پلە یەکیان بەدەستهێناوە، ڕاستەوخۆ سەربخرێن بۆ خولی نایاب، ئەم بژاردەیە وەک پاداشتێک بۆ ئەو یانانە سەیر دەکرێت کە لە رکابەرییەکی بەهێزدا بوون.
  • بژاردەی دووەم -لاوازتر: بۆچوونێکی تر هەیە کە داوای هێشتنەوەی هەردوو یانەی شەقڵاوە و هەولێر دەکات، کە وەرزی رابردوو لە خولی نایابەوە دابەزین بۆ خولی پلە یەک، ئەم بژاردەیە کەمتر پشتیوانی لێدەکرێت بەڵام هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکانە.

چارەنووسی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ئێستا بە چەندین پرسیاری بێ وەڵامەوە بەستراوەتەوە، ئایا حکومەت لە کاتی گونجاودا بودجەی پێویست دابین دەکات؟ ئایا فیدراسیۆن دەتوانێت بگاتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی یانە کشانەوەکان؟ و لە هەمووی گرنگتر، ئایا هاندەرانی تۆپی پێی کوردستان لە 22ی تشرینی یەکەمدا بینه‌ری رکابەری وه‌رزی نوێی خوله‌كه‌ ده‌بن، یان جارێکی تر بێ پارەیی و کێشە کارگێڕییەکان خەونی وەرزش دۆستان دەخەنە بەردەم نادیارییەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا روون دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button