
یاریگا –
نەسڕی سعودی بە دووگۆڵی بێ بەرامبەر زەوڕای تێکشکاند، هاندەرانی نەورەسەکانی بەغداش راهێنەری تیپەکەیان بە هۆکاری سەرەکی شکستەکە دەزانن.
لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، زەوڕا لە یاریگای خۆی 2 _ 0 بەرامبەر نەسڕی سعودی شکستی هێنا، لەم یارییەدا سەرجەم ئەستێرەکانی نەسڕ بەشداریان کرد جگە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لەگەڵ شاندی یانەکەی گەشتی عێڕاقی نەکردبوو.
دوای تەواو بوونی یارییەکە هاندەرانی زەوڕا لە سۆشیال میدیا و لە دەرەوەی یاریگا هێرشێکی تووندیان بۆ سەر راهێنەرەکەیان دەست پێکرد و بە هۆکاری سەرەکی شکستەکەی دادەنێن، هاندەران دەڵێن نەدەبوو لە نێو یاریگای خۆمان بە پێکهاتەی بەرگری یاریی بکەین.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری زەوڕا دوای تەواوبوونی یارییەکە هۆکاری شکستەکەیانی باس کرد و گووتی:
ناتوانم باسی ئاستی یاریزانەکانم بکەم بڵێم باش بووین، چونکە ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو کە ئەمەش دەبێتە بیانوو هێنانەوە بۆ شکستەکەمان، بە دڵنیاییەوە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوین بۆ قۆناخی دووەمی خولەکە، لە راستیشدا جیاوازییەکی زۆر هەبوو لە رووی توانای هونەری یاریزانەکانی ئێمە و تیپی بەرامبەر کە هۆکار بوو بۆ سەرکەوتنی ئەوان، نەسڕ ئێستا یەکێکە لە باشترین تیپەکانی ئاسیا.
لە 22ـی ئەم مانگە زەوڕا لە تورکمانستان و لە گەڕی سێیەمی خولەکە رووبەڕووی ئیستقلال دوشەنبەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، نەسڕی سعودیش لە یاریگای خۆی میوانداری گۆوای هیندی دەکات.
نەسڕ لە ریزبەندی یەکەمە بە شەش خاڵ و زەوڕا و ئیستقلال دوشەنبە بە سێ خاڵ لە ریزبەندی دووەم و سێیەم دێن و گۆوا بەبێ خاڵ لە ریزبەندی چوارەم و کۆتایی دێت.



