
یاریگا –
فێدێریکۆ ڤالڤێردی، ئەستێرەی ریال مەدرید بەیاننامەیەک لەبارەی دەنگۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری یانەکە بڵاودەکاتەوە.
چەند هەواڵێکم خوێندووەتەوە، کە زیان بە ناوبانگم دەگەیەنن. دەزانم هەندێک یاریی هەبووە ئاستم خراپ بووە، نکۆڵی لەوە ناکەم و رووبەڕووی رەخنەکان دەبمەوە، بەڕاستی دڵتەنگم، خەڵکی دەتوانن زۆر شت لەسەر من بڵێن بەڵام لە هیچ بارودۆخێک بۆیان نییە بڵێن ئامادە نەبووم یاریی بکەم، هەموو شتێکم پێشکەشی یانەکەم کردووە، تەنانەت کاتێک پێکانم هەبووە یارییم کردووە و گلەییم نەکردووە و داوای پشووم نەکردووە.
پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ راهێنەر هەیە، ئەمەش وادەکات هەست بە متمانە بەخۆبوون بکەم و راشکاوانە پێی بڵێم باشترە لە کام شوێنی یاریگا یاریی بکەم، بەڵام هەمیشە ئەوەم روونکردووەتەوە ئامادەم لە هەر شوێنێک داوام لێبکرێت یاریی بکەم و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم.
دڵ و رۆحم بەم یانەیە بەخشیووە، بەردەوام هەمان شت دەکەم تەنانەت ئەگەر هەندێک جار ئاستم بەگوێرەی پێویست نەبێت، سوێند بە شانازییەکانم دەخۆم هەرگیز خۆم بەدەستەوە نادەم و تاوەکو کۆتایی دەجەنگم، لە هەر شوێنێک پێویست بکات یاریی دەکەم.
He leído varios artículos dañando mi persona. Sé que he tenido partidos malos, soy consciente. No me escondo y doy la cara. Realmente estoy triste. De mí pueden decir muchas cosas, pero bajo ningún punto de vista pueden decir que me niego a jugar. He dado todo y más por este…
— Fede Valverde (@fedeevalverde) October 1, 2025
هەردوو رۆژنامەی ئاس و مارکا لە دوو راپۆرتی جیاواز باسیان لە هەڵسوکەوتی دوو رۆژی رابردوو فێدێریکۆ ڤالڤێردی، ئەستێرەی یانەکە کردبوو و پێیان وابوو، شتێکی نامۆ هەیە.
مارکا لە سەردێری بابەتەکە نووسیویەتی؛ ناکۆکییەکی چاوەڕواننەکراو بەهۆی ڤالڤێردی دروستبووە.
دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی و پشتگوێخستنی لە یارییەکەی بەرامبەر کایرات ئالماتی، مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، ئەمەش دوای لێدوانەکانی لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکە، کاتێک گوتی؛ بۆ ئەوە لەدایک نەبووم وەکو بەرگریکاری باڵی راست یاریی بکەم.
ڤالڤێردی هاوشێوەی چەند یاریزانێکی یەدەک، بەشداری مەشقی خۆگەرمکردنەوە نەکرد، ئەمەش جود بێڵینگهامی ناچار کرد، لێی نزیکببێتەوە و قسەی لەگەڵدا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی ئاس بە سەردێرێکی سەرنجڕاکێش باسی دۆخی ڤالڤێردی کردبوو.
ئاس نووسیویەتی، ڤالڤێردی دوو هەڵوێستی نامۆی لە کازاخستان کرد و ئەمەش مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە.
ڤالڤێردی بەشداری خۆگەرمکردنەوەی یاریزانانی لە پێش یارییەکەدا نەکرد، بەشداری نەکردنی ڤالڤێردی پرسیاری لای تەواوی ستاف و یاریزانانی یانەکە دروستکرد.
لە گێمی دووەمدا فێدێریکۆ لەگەڵ بێڵینگهام و ئێدواردۆ کاماڤینگا بیندرا، تەنیا ئەو خۆی گەرم نەکردەوە و دەستی لەسەر پشتی دانابوو.

رۆژنامەکە وەکو توانجێک لە وێنەکە نووسیویەتی؛ بە جەستە ئامادەبوو بەڵام رۆحی لە شوێنێکی دیکەبوو.