
یاریگا –
میدیاکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید دەستیان بۆ کەیسێکی هەستیاربردووە و لەوانەیە کاریگەری زۆر لەسەر تەواوی یانەکە دروستبکات.
هەردوو رۆژنامەی ئاس و مارکا لە دوو راپۆرتی جیاواز باسیان لە هەڵسوکەوتی دوو رۆژی رابردوو فێدێریکۆ ڤالڤێردی، ئەستێرەی یانەکە کردووە و پێیان وایە، شتێکی نامۆ هەیە.
مارکا لە سەردێری بابەتەکە نووسیویەتی؛ ناکۆکییەکی چاوەڕواننەکراو بەهۆی ڤالڤێردی دروستبووە.
دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی و پشتگوێخستنی لە یارییەکەی بەرامبەر کایرات ئالماتی، مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، ئەمەش دوای لێدوانەکانی لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکە، کاتێک گوتی؛ بۆ ئەوە لەدایک نەبووم وەکو بەرگریکاری باڵی راست یاریی بکەم.
ڤالڤێردی هاوشێوەی چەند یاریزانێکی یەدەک، بەشداری مەشقی خۆگەرمکردنەوە نەکرد، ئەمەش جود بێڵینگهامی ناچار کرد، لێی نزیکببێتەوە و قسەی لەگەڵدا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی ئاس بە سەردێرێکی سەرنجڕاکێش باسی دۆخی ڤالڤێردی کردووە.
ئاس نووسیویەتی، ڤالڤێردی دوو هەڵوێستی نامۆی لە کازاخستان کرد و ئەمەش مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە.
ڤالڤێردی بەشداری خۆگەرمکردنەوەی یاریزانانی لە پێش یارییەکەدا نەکرد، بەشداری نەکردنی ڤالڤێردی پرسیاری لای تەواوی ستاف و یاریزانانی یانەکە دروستکرد.
لە گێمی دووەمدا فێدێریکۆ لەگەڵ بێڵینگهام و ئێدواردۆ کاماڤینگا بیندرا، تەنیا ئەو خۆی گەرم نەکردەوە و دەستی لەسەر پشتی دانابوو.

رۆژنامەکە وەکو توانجێک لە وێنەکە نووسیویەتی؛ بە جەستە ئامادەبوو بەڵام رۆحی لە شوێنێکی دیکەبوو.