نهێنییەکانی دوای دۆڕانی دێربی؛ گەشتەکەی ریال مەدرید بۆ ئالماتی وەکو پرسەبوو
راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەی لێکەوتەکانی دۆڕانی دێربی مەدرید و چارەنووسی ئاڵۆنسۆ

یاریگا –
ریال مەدرید دوای حەفت بردنەوەی یەک بەدوای یەک لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان، لە یاریی دێربی مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕا و ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لە نێو یانەکە دروستکردووە.
ئەمشەو مەدرید لە گەڕی دووەمی قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ لە ئالماتی رووبەڕووی کایراتی کازاخستانی دەبێتەوە، بەڵام لێکەوتەکانی دۆڕانی یاریی دێربی بەردەوامن.
میدیاکان و شڕۆڤەکارانی نزیک لە یانە شاهانەکە رەخنەی هونەری توندییان لە چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری مەدرید گرت و ئەمە یەکەمجارە رووداوێکی لەمشێوەیە روودەدات.
میدیا نزیکەکان بەتوندی رەخنەی بەشداریپێکردنی جود بێڵینگهام لە پێکهاتەی سەرەکی گرت، چونکە دوای چاکبوونەوەی لە پێکانی شان، یەکەمجاربوو یاریی بکات. لەلایەکی دیکەوە میدیاکان رەخنەی جیاوازیان لە ئاستی هەریەکە لە فێدێریکۆ ڤالڤێری، دین هاوسن و ئالڤارۆ کارێراس گرت.
ئاڵۆنسۆ بەشداری بە هەشت یاریزانی ژێر 23 ساڵان کرد (ئەوانەی وەکو یەدەکیش بەشداربوون)، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ئاڵۆنسۆیە لە مەدرید، چونکە دەیەوێت تیمێکی گەنج بۆ داهاتوو ئامادەبکات.
دۆڕانەکە کێشەکانی ریال مەدریدی زیادکرد، ئێستا یانەکەی پایتەخت بەبێ بەرگریکاری باڵی راستە، دوای ئەوەی دانی کارڤاخال تووشی پێکان بوو و لەوانەیە دوای پێنج هەفتەی دیکە بگەڕێتەوە یارییکردن، واتە ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی کلاسیکۆ کە 26ی ئۆکتۆبەر دەکرێت، زۆر لاوازە.
چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆڕانە قورسەکە کراوە؟
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، گەشتەکەی ریال مەدرید بۆ ئالماتی وەکو پرسە وابوو، کەشێکی پڕ نیگەرانی باڵی بەسەر فڕۆکەکەی ریال مەدرید داگرتبوو.
تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری دوو سەرچاوەی نێو یانەکە ئاشکرایکردووە، ئەنجامەکە ریال مەدریدی شۆککردووە و ئاڵۆنسۆ دەیەوێت هەرچی زووە دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.
دیارترین خاڵی مشتومڕی نێو یانەکە، بەشداریپێکردنی بێڵینگهامە، جیا لەمەش بەشداریپێکردنی ژمارەیەکی زۆری یاریزانی لاو، کە تیمەکەی وەکو تیمێکی بێ ئەزموون پیشاندا، هەرچەندە ریال مەدرید تەواو لە قورسی یارییەکە لە مێترۆپۆلیتانۆ تێگەیشتووە.
سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یانەکە بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، لە نێو یانەکە هەستکرا هیچ سەرکردەیەک لە نێو یاریگا نەبوو پێشڕەوی یانەکە بکات.
لە دوای یارییەکە بەشێکی زۆری یاریزانان دانیان بە سستی بەرگری و دوورکەوتنەوەیان لە دڕندەیی یارییکردن ناوە. هەفتەی رابردوو، یاریزانانی ریال مەدرید پەرۆشی یارییکردن بەرامبەر کایرات ئالماتی نەبوون، بەڵام ئێستا دەیانەوێت هەرچی زووە یارییەکە بکرێت، تاوەکو متمانە بە یانە و هاندەران ببەخشنەوە.
ریال مەدرید چی لە دۆڕانەکە فێربووە؟
ریال مەدرید لە گەیشتن بە ترۆپکی ئاست دوورە و چەندین کێشەی هەیە و دەبێ زوو چارەسەرییان بکات.
هزرێک لە نێو یانەکە دروستبووە، بەوەی ئاڵۆنسۆ بە ئەنجامی دوا یارییەکان هەڵخەڵەتابوو، چونکە بردنەوەی حەفت یاریی لە دەستپێکی وەرز گرنگە، بەڵام هەڵخەڵەتێنەر بوون.
جیا لەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید توانی 13 شووت ئاڕاستەی گۆڵ بکات، ئەوا دەکرا ئەنجامەکە زۆر گەورەتریش بێت.
ڤالڤێردی یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی بووەتە سەرچاوەی لاوازی لە هێڵی ناوەڕاست، ئەمە بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و سەرچاوەکانی ئاتلێتیک.
ڤالڤێردی تاوەکو ئێستا خۆی لەگەڵ رێنمایی و داواکارییەکانی ئاڵۆنسۆ نەگونجاندووە، لەوانە فشاری بەردەوام لە هێڵی ناوەڕاست، ئەمەش جۆرێک لە ناهاوسەنگی دروستکردووە.