Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

دوای شکستی دێربی لە ژووری جلگۆڕینی ریاڵ مەدرید چی روویدا و پەیامی پێرێز چی بوو؟

پێرێز په‌یامێكی روونی بۆ یاریزانه‌كان هه‌بوو

Yariga App

یاریگا –

شەوی شەممە، یاریگای میترۆپۆلیتانۆ شایەتحاڵی یەکێک لە قورسترین شکستەکانی مێژووی ریاڵ مەدرید بوو.

ریال مه‌درید له‌ دێربی پایته‌خت بە ئەنجامێكی گەورە 5-2 بەرامبەر رکابەری سەرسەختی ئاتلێتیکۆ مەدرید دووچاری شكست بوو، نەک هەر یەکەم شکستی وەرزی بوو، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی بەهێز بوو کە دەنگدانەوەکەی تاوه‌كو  ژووری جلگۆڕینی یانە شاهانە رۆیشت.

کەشوهەوایەکی کارەساتبار و دانپێدانان بە هەڵەدا

به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپەڕی “دیفێنسا سێنتراڵ” دوای فیکەی کۆتایی ناوبژیوان، دیمەنەکان لە ژووری جلگۆڕینی ریاڵ مەدریددا پڕ بوون لە تووڕەی و نائومێدی و بێدەنگی و دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە، یاریزانان کە کاریگەریی شکستە قورسەکەیان بە روخسارەوە دیار بووە، هەستیان بەوە کردووە کە ئاستێکی شایستەی درێسی یانەکەیان پێشکەش نەکردووە.


هەندێک لە یاریزانە دیارەکان بە دەنگی بەرزەوە گوتوویانە:

“یارییەکی زۆر خراپ بوو، ده‌نگه‌ده‌نگێكی زۆر له‌ ژووری جلگۆرینی ریال دروست بووه‌.

یاریزانان دوای ماوەیەکی کورت لە بیرکردنەوە، دانیان بەوەدا ناوە کە “ئەمە ئاستی ئێمە نییە.

پەیامە چاوەڕواننەکراوەکەی فلۆرەنتینۆ پێرێز

ماڵپه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لە کاتێکدا له‌ ژووری جلگۆڕین كێشه‌ و تووڕەیی دروست بوو، فلۆرەنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، کە لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ ئامادە بوو و شایەتحاڵی ئەو شکستە قورسە بوو، هاتە ناو ژووری جلگۆڕین و زۆر تووڕە دیار بووە، پەیامێکی کورت و روونی بە یاریزانان گەیاندووە و گوتوویەتی:

“ئەمڕۆ رۆژی ئێمە نەبوو، ئەوان باشتر یارییان کرد، ئێوه‌ خراپ بوون، دەبێت لەم شکستە فێر ببن، ئێمە ریاڵ مەدریدین و هەڵدەستینەوە.”

ئەم پەیامە، سەرەڕای تووڕەییەکەی، ئامانجی ئەوە بوو کە ورەی یاریزانەکان بەرز بکاتەوە و بیریان بهێنێتەوە کە سەر بە چ یانەیەکن، لە هەمان کاتدا دان بەوەدا بنێت کە ڕکابەرەکەیان شایستەی بردنەوە بووە.

کێشەکان تەنها ئاستی یاریزانان نەبوون

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دێربییەکە کاریگەریی لەسەر راهێنەر چابی ئالۆنسۆش بەجێهێشتووە، هەندێک یاریزان لە ئاستی پێویستدا نەبوون، وەک دین هاوسن و ئەلڤارۆ کارێراس کە لە بەرگریدا لاواز دەرکەوتن، هەروەها ڤینیسیۆس جونیۆر نەیتوانی جیاوازی دروست بکات، و جود بێلینگهامیش نیشانی دا کە هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە بۆ یارییەکی لەم جۆرە قورسە دوای گەڕانەوەی لە پێکان، هه‌روه‌ها هێرشكراوته‌ سه‌ر ئاڵۆنسۆش كه‌ له‌ پێكهاته‌ و گۆرانكارییه‌كانیش هه‌ڵه‌ی كردووه‌.

ئێستا گەورەکانی ڕیاڵ مەدرید تەرکیزیان لەسەر ئەوەیە کە وەرزەکە درێژ و ماندووکەرە، یانەکە ڕۆژی سێشەممە یارییەکی گرنگی لە چامپیۆنزلیگدا هەیە و گەشتێکی قورس بۆ کازاخستان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کایرات ئالماتی، هەروەها ڕۆژی شەممەی داهاتوو پێش پشووی نێودەوڵەتی، میوانداریی یانەی ڤیاڕیاڵ دەکەن.

بەم شێوەیە، ڕیاڵ مەدرید دەرفەتێکی زێڕینی لەدەستدا بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ زیاتر بکات، و ئێستا لەژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بە خێرایی لەم شکستە قورسە هەستێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button