
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی بێنفیکا، پەیوەندی بە کەریم بێنزێما کردووە و داوای لێکردووە بیر لە پەیوەندیکردن بە بێنفیکا بکاتەوە.
رەنگە بێنزێما زۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا بگەڕێتەوە ئەوروپا، یان باشتر بڵێین ئەگەر ئەو گواستنەوەیە رووبدات، ئەوا لە میرکاتۆی زستانەدا روودەدات و شوێنی مەبەستی هێرشبەرەکەش یانە پۆرتوگالییەکەیە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر جۆزێ مۆرینیۆ پەیوەندی بە یاریزانە پێشووەکەیەوە کرد بۆ ئەوەی خواستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە بێنفیکا کە تیپی نوێی راهێنەرە پورتوگالییەکە دەرببڕێت و پێی بڵێت کە حەز دەکات جارێکی دیکە لەگەڵی کاربکاتەوە.
🚨 BREAKING: Jose Mourinho wants to sign Karim Benzema for Benfica — the move could happen in January. @jfelixdiaz pic.twitter.com/LaUQHT7B5o
— Madrid Xtra (@MadridXtra) September 27, 2025
بێنزێما بیری لەم بابەتە کردووەتەوە. ئەو دەزانێت کە پێگەیەکی باڵای لە پێکهاتەی ئیتیحاد لە خولی رۆشەنی سعودیە هەیە و ژیانی وەرزشی بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام پەیامە وەسوەسەئامێزەکەی مۆرینیۆ وای لێکردووە جارێکی دیکە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێی ئەوروپا زیاتر بکاتەوە.
ئیدارەی ئیتیحاد کاردانەوەی خێرای بەرامبەر ئەو دەنگۆیانە دەربڕی و تەنانەت باسیان لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە کرد. بەڵام وەرزەکە بە گومانەوە دەستی پێکردووە و دۆڕانەکەی شەوی رابردوو بەرامبەر نەسڕ، بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەم گومانانەی زیاتر کردووە. وا دیارە بەردەوام بوونی بێنزێما لە ئیتیحاد روون نییە. تەنیا یەک ئەگەر هەیە و ئەویش ناوی مۆرینیۆیە و کاتێک پیاوە پورتوگالییەکە خواستی بۆ شتێک دەرببڕیت، پێویستە بە نزیک لە راستی هەژمار بکرێت.