
یاریگا –
ئەمشەو له دێربی مهدرید لە یارییەکانی گەڕی حەفتەمی خولی ئیسپانی یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
ریاڵ مەدرید بە ئاستێکی نایابەوە یاریی دێربی دهكات، دوای ئەوەی لە شهش یاریی رابردوودا تهواوی یارییهكانی بردۆتهوه و بە 18 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێش رکابەرهكهی، بارسێلۆنایه، نۆ خاڵ لە پێش ئاتلێتیکۆ مەدریده کە لە پلەی نۆیەمدایە.
چەکی سەرەکیی مێرەنگی، ئەستێرەی فەرەنسی، کیلیان ئێمباپێیە، کە بە حهفت گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە.
ماڵپەڕی ” یونیڤێرساڵ” سێ خاڵی سەرەکیی پێش یارییەکە دەستنیشان کردووە کە دەتوانن کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی یارییهكه ههبێت:
1. یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی ئالۆنسۆیه لە لالیگا
چابی ئالۆنسۆ، ڕاهێنەری ریاڵ مەدرید، رووبەڕووی یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینە دەبێتەوە لە خولی ئیسپانی بەرامبەر یانەیەکی گەورهی وهك ئاتلێتكۆ یاریی دهكات، هەرچەندە پێشتر لە جامی جیهانیی یانەکاندا رووبەڕووی یانە گەورەکانی وەک یۆڤێنتۆس، بۆروسیا دۆرتمۆند، پاریس سانجێرمان بووەتەوە، بەڵام لەم وەرزەی لالیگادا هێشتا رووبەڕووی هیچ یانەیەکی گەورە نەبووەتەوە، تەنانەت لە چامپیۆنزلیگیشدا بە یارییەک بەرامبەر ئۆڵۆمپیک مارسیلیا دەستیپێکرد.
ئەم یارییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تاقیکردنەوەی هێزی ڕاستەقینەی تیمەکە و بینینی ئەوەی کە ئایا یاریزانان تاوهكو چەند لەگەڵ پلانە تاکتیکییەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکەدا گونجاون لەژێر فشارێکی گەورە دهردهكهون.
2. کێشەی هێڵی ناوەڕاست: چارەنووسی بێڵینگهام
گەڕانەوەی ئەستێرەی ئینگلیزی، جود بێڵینگهام، دوای چاکبوونەوەی لە پێكانهكهی، دووڕیانێکی قورسی خستووەتە بەردەم ئالۆنسۆ، هەرچەندە راهێنەرەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بێڵینگهام یاریزانێکی گرنگی پێکهاتەی سەرەکییە، بەڵام تاوهكو ئێستا لە هیچ یارییەکدا بە شێوەی سەرەکی بەشداریی نەکردووە و تەنها وەک یەدەگ لە یارییەکانی بەرامبەر ئیسپانیۆل، بارسێلۆنا، لیڤانتی بهشداری له یارییهكه كردووه.
ئێستا ئالۆنسۆ دەبێت بڕیارێکی چارەنووسساز بدات: ئایا بێڵینگهام بە شێوەی سەرەکی یاری پێبکات؟ ئەگەر وەڵامەکە “بەڵێ” بێت، ئەوا پرسیاری دووەم دێتە ئاراوە: کێ دەبێتە قوربانی؟ ئایا گەنجە ئەرجەنتینییەکە، فرانکۆ ماستانتۆنۆ، یان ئەستێرە تورکییەکە، ئاردا گولەر، دەبێت لەسەر کورسیی یەدەگ دابنیشن؟
3. پاراستنی هێمنی ڤینیسیۆس
یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدرید هەمیشە شوێنێکی بهكێشه بووە بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، کە لە وەرزەکانی رابردوودا رووبەڕووی هاوار و هەڕەشەی رەگەزپەرستانە بووەتەوە.
ئەمجارە، ڤینیسیۆس لە کاتێکدا دەچێتە ئهم یاریگایه کە لەسەر ڕێگای گەڕانەوەیە بۆ ئاست و تەرکیزی راستەقینەی خۆی، بۆیە پاراستنی هێمنی و کۆنترۆڵکردنی دەروونی، کلیلی سەرکەوتنی دەبێ، ئەگەر بتوانێت زاڵ بێت بەسەر دەمارگیریی خۆیدا و مامەڵە لەگەڵ فشاری هاندەراندا بکات، ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەو باڵە هێرشبەرە یەکلاکەرەوەیەی کە ڕیاڵ مەدرید پێویستی پێیەتی.