یاریگا –
یەکێک لە ئەستێرە دیارهكانی وەرزی رابردوو، لە پشت شیشەکانی زیندانەوە، چاوەڕێی بڕیارێکی چارەنووسساز دەکات.
لازۆ عەلی، هێرشبەرە بەتواناکەی یانەی رانیە، کە ڕۆژانێک بە گۆڵ و جوڵە هونەرییەکانی هاندەرانی دڵخۆش دەکرد، ئێستا لەنێوان دووڕیانێکی سەختدایە بههۆی رووداوێكی هاتووچۆ له زیندانه.
رۆژی 11ـی نیسانی 2025، رۆژێکی ڕەش بوو لە ژیانی لازۆ عەلی، لە کاتێکدا کە ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕی، تووشی رووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ بوو، لەم رووداوەدا سەرنشینێک لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر گیانی لەدەستدا، لەو چرکەساتەوە، ژیانی لازۆ بە تەواوی گۆڕا، لە یاریزانێکی دیار و خۆشەویستەوە بووە کەسێکی دەستبەسەرکراو و تاوهكو ئەمڕۆش لە بەندیخانە ماوەتەوە.
هۆکاری سەرەکیی مانەوەی لازۆ لە زیندان ئەوەیە کە تاوهكو ئێستا خانەوادەی قوربانییەکە کەفالەتیان بۆ لێیخۆش بوون یان ێگە بدەن بە کەفالەت ئازاد بکرێت نهكردووه، ئەمەش وایکردووە کە دۆسییەکە رادەستی یاسا بکرێت و ڕێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت.
عەلی رەسوڵ، باوکی لازۆ، بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە بە تۆڕی وەرزشیی یاریگای راگەیاند،
“کوڕەکەم لە زیندان ماوەتەوە چونکە لایەنی بەرامبەر کەفالەتیان نەکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ دۆسییەکەی بگوازرێتەوە بۆ دادگای تاوانەکانی (جینائی) سلێمانی و لەوێ دادگایی بکرێت.”
باوکی بە نیگەرانییەوە چارەنووسی کوڕەکەی خستەڕوو و گوتی،
“ئەگەر خانەوادەی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کەفالەتی بکەن، ئەوا ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر لە رۆژی دادگاییەکەدا ئەوە نەکەن، ئەوا کوڕەکەم سزا دەدرێت.”
روونکردنەوەی یاسایی: سزای کوشتنی بەهەڵە لە یاسای عێراقیدا
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، ئەو کەسەی بەهۆی کەمتەرخەمی یان پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکانەوە (وەک لە رووداوەکانی هاتووچۆدا روودەدات) دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک، بەپێی ماددەی 411 سزا دەدرێت.
- ماددەی ٤١١ (کوشتنی بەهەڵە – القتل الخطأ): سزاکەی بریتییە لە بەندکردن (الحبس) بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەکردن یان یەکێک لەو دوو سزایە.
لەم جۆرە کەیسانەدا، ئەگەر خانەوادەی قوربانییەکە لێخۆشبوونی خۆیان پێشکەش بکەن، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سووککردنی سزاکە یان تەنانەت راگرتنی رێکارە یاساییەکان دەبێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای دادوەر دەمێنێتەوە.
ئێستا، چارەنووسی لازۆ عەلی، ئەو گەنجەی کە خەونی گەورەی لە یاریگاکاندا هەبوو، بەستراوەتەوە بە بڕیارێکی خانهوادهی ئهو كهسهی گیانی لهدهستداو لهگهڵ دادگا.
یانهی رانیهش وهك وهفایهك بۆ یاریزانهكهیان درێسی ژماره 11 بههیچ یاریزانێك نادات تاكو یاریزانهكهیان ئازاد دهكرێت.