تەواو؛ ریال مەدرید و ڤینیسیۆس رێککەوتن
رۆژنامەی ئاس زانیاری نوێ لەبارەی پەیوەندی نێوان ڤینی و مەدرید ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان کاریگەری لەسەر ئاستی تیمەکە دروست نەکات.
لە ماوەی رابردوو سەرنجی هەموو میدیاکان لەسەر کەیسی مانەوە یاخود چوونە دەرەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر بوو لە ریال مەدرید، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤینیسیۆس تەواو ئارام بکاتەوە، دواتر هەنگاوی نوێ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بنێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ڤینیسیۆس و بەڕێوەبەری کارەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ریال مەدرید بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆبوونەوە.
ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، تاوەکو لێکەوتەکانی کەیسی گرێبەستی ڤینی کاریگەری لەسەر کەتیبەکەی چابی ئاڵۆنسۆ دروست نەکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ڤینیسیۆس و بەڕێوەبەری گشتی یانەکە لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە رێککەوتوون. هەردوولا لەسەر سەرنجدانان لەسەر یاریی دێربی هاوڕان، تاوەکو هیچ دەرەنجامێک نەبێتە جێی مشتومڕ.
چی روویدابوو؟
دووشەممەی رابردوو، رۆژنامەی مارکا چەند نهێنییەکی ئاشکراکرد و ئەمەش کاردانەوەی توندی بەدوایخۆیدا هێنا.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردبوو، ڤینیسیۆس بە دۆخی نوێی خۆی لە مەدرید رازی نییە، چونکە چابی ئاڵۆنسۆ کۆمەڵێک رێکاری توندی لەنێو پلەبەندی یاریزانانی مەدرید گرتووەتەبەر و ڤینیسیۆس گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئەگەر ئاستی جارانی نەگەڕێنێتەوە، پێناچێت ببێتەوە بژاردەی یەکەمی یانەکە.
رۆژنامەکە دووپاتیکردبووەوە، ڤینیسیۆس نایەوێت هەست بکات بەردەوام چاودێری دەکرێت و ئەم پەیامەی بەڕوونی گەیاندووەتە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە.
لەلایەکی دیکەوە، ریال مەدرید پێی وایە هێشتا 20 مانگ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ڤینیسیۆس ماوە و هیچ پەلەیان لە پێشخستنی گفتوگۆکان نییە.
یانە شاهانەکە هەموو شتێکی لای خۆی تەواوکردووە و نایەوێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ئۆفەرەکە بکات، ئەوەی ماوەتەوە پەیوەستە بە بڕیاری ستراتیجی ڤینیسیۆس.
رۆژنامەکە پێشبینیکردووە، ئەم دۆخە تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوام بێت، ئینجا دواتر بە وردی لەسەر ئۆفەرەکە کۆدەبنەوە و کێشەکە یەکلاییدەکەنەوە.