
یاریگا –
یانەی پیشەسازی له خولی نایابی كوردستان دهکشێتهوه لە وەرزی نوێی خولهكه (2025-2026) بهشداری ناكات.
ئەم بڕیارە کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن سەرۆکی یانەکە نیهاد لەتیف ئاشکرا کرا، پەردەی لەسەر قەیرانێکی دارایی قووڵ لادا کە بەهۆی نهبوونی پاڵپشتیی و بڕینی بهشێك له یارمهتیهكان بۆ یانهكه لەلایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە سەریهەڵداوە.
“ناتوانین بە گیرفانی خاڵی بەردەوام بین”
سەرۆکی یانەی پیشەسازی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بە ڕاشکاوی و بێ پێچوپەنا، هۆکاری سەرەکیی کشانەوەکەیانی بۆ قەیرانێکی دارایی قووڵ گەڕاندەوە. ئەو رایگەیاند:
“هەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی بتوانین بەشداریی خولی نایابی کوردستان بکەین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشە داراییە سەختەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، ناتوانین بەردەوام بین، نامانەوێت یاریزانەکان بە خۆمانەوە پەیوەست بکەین و داهاتوویان نادیار بێت.”
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، مافی دەستبەرداربوون دەدەنە سەرجەم یاریزانەکان تا بتوانن پەیوەندی بە یانەی ترەوە بکەن.
سەرۆکی یانەکە ئاشکرای کرد کە بۆ بەشداریکردن لە وەرزی نوێی خولەکەدا، پێویستیان بە بڕی 350 بۆ 400 ملیۆن دیناره ، بڕێک کە لە توانای دارایی ئێمه نیه دابینی بکەین.
ههروهها گوتی،
هەرچەندە یانەکە خاوەندارێتیی پەیمانگایەکی ئەهلی دەکات، بەڵام داهاتی پەیمانگاکە بە تەنها بەشی پێداویستییە گەورەکانی بەشداریکردن لە خولهكه ناکات.
سەرۆکی یانەکە ئاشکرای کرد کە “تاکو ئێستا هیچ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یەک دیناری لە یانەکە وەرنەگرتووە.”
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارە، خۆلادان بووە لە دروستکردنی قەرزێکی زۆر کە داهاتووی یانەکە بخاتە مەترسییەوە. سەرۆکی یانەکە گوتی،
“وەرزی ڕابردوو کەمێک قەرزمان لەسەر ماوە، بەڵام زۆر نییە. نامانەوێت یانەکە بکەوێتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە کە نەتوانین بیدەینەوە، بۆیە بڕیاری کشانەوەمان دا.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەکە بۆ وەرزی نوێ هیچ گرێبەستێکی فەرمیی لەگەڵ هیچ یاریزانێکدا واژۆ نەکردووە، بۆ ئەوەی خۆی لە پابەندبوونی دارایی زیاتر بەدوور بگرێت.
بە کشانەوەی یانەی پیشەسازی، ژمارەی ئەو یانانەی کە لە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستاندا بەشداری ناکەن گەیشتە سێ یانە و بڕیاریشه وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەست پێبکات، کشانەوەی یانەیەکی وەک پیشەسازی، بۆشاییەک لە خولەکەدا دروست دەکات و پرسیاری جددی لەسەر میکانیزم و شێوازی بهرێوهچوونی خولهكه دهكات