
یاریگا –
دۆخی ڤینیسیۆس جونیۆر، پرسی سەرەکییە لای هاندەرانی ریال مەدرید و چاوییان لە چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکەیە.
لەژێر سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ، ڤینیسیۆس چیدیکە وەکو سەردەمی کارلۆ ئانچێلۆتی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت. لە یاریی یەکەمی مەدرید لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە بەرامبەر مارسیلیا، ڤینی یەدەک بوو و لە یاریی رابردووی مەدرید لە لالیگا بەرامبەر ئیسپانیۆل، لە خوولەکی 77 گۆڕانکاری پێکرا، ناڕەحەتییەکی قووڵ بە ڤینیسیۆس دیاربوو.
ڤینیسیۆس لە کۆی 12 یاریی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ، تەنیا یەکجار بەشداری لە تەواوی خوولەکەکانی یارییدا کردووە، بەڵام ئاڵۆنسۆ وەکو بابەتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بڕیاری ئاڵۆنسۆ بە پشت نەبەستن بە ڤینیسیۆس بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە یانە ئیسپانییەکە نییە.
دەستەی کارگێڕی مەدرید گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی دەستپێکردووە، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندی بە ئاڵۆنسۆ نییە و راهێنەرە باسکییەکە لەڕووی هونەرییەوە مامەڵە دەکات.
سەرچاوەکانی نزیک لە ڤینی بە ئاتلێتیکیان راگەیاندووە، سیناریۆی ئێستا، سەردەمی زینەدین زیدانیان بەبیردەهێنێتەوە، چونکە زیزۆ زۆر متمانەی بە ڤینیسیۆس نەبوو، پێچەوانەی سانتیاگۆ سۆلاری و کارلۆ ئانچێلۆتی، بۆیە دەستپێکی ئەم وەرزە بۆ ڤینیسیۆس لەگەڵ ئاڵۆنسۆ قورسترینی کاروانی وەرزشییەتی.