Loading...
کوردستانگرنگترین

بەدواداچوونی یاریگا؛ ڤار له‌ خولی نایابی كوردستان به‌كاردێت؟

مەرجە هەموو کەموکورییه‌كان پێش دەستپێکی وەرز چاره‌سه‌ر بكرێن

Yariga App

یاریگا –

دوای ده‌نگۆی به‌كارهێنانی ڤار له‌ خولی نایابی كوردستان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ رێگه‌ی تۆڕی وه‌رزشی یاریگا روونكرده‌وه‌ ده‌دات.

لە کاتێکدا یانەکانی کوردستان خۆیان بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ئامادە دەکەن، دەنگۆی بەکارهێنانی ڤار بووەتە بابەتێكی گه‌رم، یاریگا به‌دواداچوونی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كرد و راستیه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ، یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لێژنه‌ی مۆڵه‌تپێدان، بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاریگاكانی به‌شدار له ‌خوله‌كه‌ دروست كرد بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ کوالێتی و ستانداردی یاریگاکان.

یه‌كێتیه‌كه‌ جەختی کردووەتەوە کە مەرجە هەموو ئەو کەموکورتییانە پێش دەستپێکی وەرزی نوێ چارەسەر بکرێن و یاریگاکان بە باشترین شێوە ئامادە بکرێن.

ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە بەکارهێنانی ڤار دەکەن، بەشێکی زۆری پەیوەست بوو بە داواکاریی یەکێتیی تۆپی پێ لە یانەکان بۆ دروستکردنی شوێنی تایبەت بۆ کامێرا لە یاریگاکاندا، ئەمەش وایکرد کە زۆرێک پێیان وابێت ئەمە ئامادەکارییە بۆ سیستەمی ڤار.

محەمەد خۆشناو، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان و ئەندامی لیژنەی تەراخیس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی وەرزشیی یاریگا، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و راستیی بابەتەکەی ئاشکرا کرد،

ڤار لە خولی نایابی کوردستان بۆ ئەم وەرزە بەکارنایەت، ئامانج له‌ دروستكردنی ئه‌م شوێنه‌ یانەکان ناچار کراون به‌ دروستكردنه‌، بۆ دوو مەبەستی سەرەکین:

شوێنی تایبەت بە کامێرای کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بۆ ئەوەی گواستنەوەی یارییەکان بە کوالێتییەکی بەرزتر و لە گۆشەی ستانداردەوە بێت هه‌روه‌ها پاراستنی کامێرامانەکانه‌ بۆ دوورخستنەوەیان لە نێو هاندەران و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەتتر بۆ کاری رۆژنامەوانی.

لەگەڵ ئەوەشدا، خۆشناو ئاماژەیەکی گرنگی دا و گوتی، ئەم شوێنانە بۆ داهاتوو دەتوانرێت بۆ ڤاریش بەکاربێن، بەڵام بۆ ئەم وەرزە بڕیاری بەکارهێنانی ڤار نییه‌،  ئەمەش بەو مانایەیە کە یەکێتیی تۆپی پێ پلانی درێژخایەنی بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە هەیە، بەڵام هێشتا کات و بودجە و ژێرخانی پێویستی بۆ دابین نەکراوە.

بڕیاره‌ وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان له‌ 22ـی مانگی داهاتوو ركابه‌رییه‌كانی ده‌ستپێبكات، هێشتا به‌شداریكردنی ته‌واوی یانه‌كان له‌ خوله‌كه‌ یه‌كلایی نه‌بووته‌وه‌.

بابەتی زیاتر

Back to top button