
سێرجیۆ بوسکێتس یاریزانی ئینتەر مەیامی بە نیازی وازهێنانە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەمریکی دا
بوسکێتس تەمەنی گەیشتووەتە 37 ساڵ و خاوەنی مێژووییەکی پرشنگدارە لەگەڵ بارسێلۆنا. دوو ساڵ دوای پەیوەندیکردن بە ئینتەر مەیامییەوە بەنیازە واز لە یاریکردن بهێنێت.
بەگوێرەی ناچۆ گارسیا رۆژنامەنووسی کۆپ ، بوسکێتس وازهێنان رادەگەیەنێت لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی وەرزی خولی ئەمریکی دا.
سەرچاوەکە دەڵێت، ناوبراو پارساڵ بەنیازی وازهێنان بووە بەڵام دوای خستووە بۆ کاتی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی.
بوسکێتس لە میانەی کاروانی وەرزشی خۆیدا 32 ناسناوی فەرمی بەرز کردووەتەوە لە نێویاندا جامی جیهانی و یۆرۆ لەگەڵ ئیسپانیا، هەروەها 9 ناسناوی لالیگا، 3 ناسناوی چامپیۆنزلیگ و 3 ناسناوی جامی جیهانی یانەکان لەگەڵ بارسێلۆنا.
سێرجیۆ چاوی لەوەیە بە ناسناوێکی دیکە کۆتایی بەم وەرزەیان بهێنن، بەڵام ئەمەیان ئاسان نابێت و لە ئێستادا ئینتەر مەیامی لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی بەشی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکی دایە بە کۆکردنەوەی52 خاڵ لە 28 یاریدا. هەرچەندە سێ یاری کەمتری ئەنجامداوە لە رکابەرەکانی و ئەگەری گەیشتنی بە پلەی یەکەم هەیە.