
یاریگا –
راهێنەری دهۆک ستایشی ئاستی شوڕتە دەکات و دەڵێت یەکەمجارە بەرامبەر تیپێکی بەهێز یاریی بکەین.
لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 0 بەرامبەر شوڕتە دۆڕا، دهۆک هەردوو یاریی ئەم وەرزەی خولەکەی دۆڕاندووە و تا ئێستا هیچ خاڵێکی وەرزی نوێی بەدەست نەهێناوە.
دوای دواخستنی یاریی گەڕی یەکەم بەهۆی بەشداریکردن لە خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، شوڕتە یەکەم یاریی بوو لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بکات و یەکەم سێ خاڵیشی بەدەستهێنا.
سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری دهۆک دوای تەواو بوونی یارییەکە ستایشی ئاستی شوڕتەی کرد و هۆکاری شکستی دهۆکی باس کرد و گوتی:
بۆ یەکەمجارە بەرامبەر تیپێکی وا بەهێز یاریی بکەین، شوڕتە خاوەن یاریزانی بەتوانایە و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن، دوای گۆڵی یەکەمی شوڕته شڵەژان لە تیپەکەم دروست بوو، هەرچەندە هەوڵماندا گۆڵی یەکسان بکەینەوە بەڵام دواتر گوڵی دووەممان لێکرا، هەڵەکانمان چاک دەکەینەوە بۆ یارییەکانی داهاتوو.
لە شەممەی داهاتوو ( 27ـی ئەیلوولی 2025 ) دهۆک لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق میوانداری کەرخ دەکات، شوڕتە لە یاریگای فەیحا بەرامبەر نەورۆز یاریی دەکات.